سەردێڕ:

پوتین: پشتیوانی لە سەربەخۆیی کاروبارەکانی عێراق دەکەین

PM:04:52:05/04/2023

2624 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی روسیا رایگەیاند، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق بەردەوام لە پەرەسەندندایە و روسیا لەو وڵاتە لە چەندین کەرتدا پرۆژەی هاوبەشی هەیە. دەشڵێت، "پاڵپشتی عێراقێکی سەربەخۆ و یەکپارچە دەکەین."


ئەمڕۆ چوارشەممە، ڤلادمێر پوتین سەرۆکی روسیا لە کۆشکی کرملین سیاسەتی نوێی دەرەوەی وڵاتەکەی واژۆکرد و پێشکەشی باڵیۆزی وڵاتانی دەرەوەی کرد و وتارێکی لەبارەی سیاسەتی نوێی وڵاتەکەی لەگەڵ جیهان پێشکەشکرد.

لەبارەی عێراقەوە سەرۆکی روسیا ئاماژەی بەوەکرد، هاوکاری و پڕۆژەی هاوبەشیان لەگەڵ عێراقدا هەیە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان روسیا و عێراق لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا گەشەیەکی بەردەوامی بەخۆیەوە بینیوە.

وتیشی، روسیا پشتیوانی یەکپارچەیی عێراق و دەستێوەرنەدانی وڵاتانی دیکە لە کارووباری ئەو وڵاتە دەکات.

لێدوانەکانی پوتین لەبارەی عێراقەوە لە دوای ئەوەدێت، لە ٤ـی شوباتی ئەمساڵدا سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و وەزیری دەرەوە کۆبووەوە و باس لە گرنگی پەیوەندییە هاوبەشەکانی هەردوولا و دۆسیەی نەوت وزە کرد.

لە ماوەی رابردوودا ڤلادمێر پوتین سەرۆکی روسیا واژووی لەسەر ستراتیژی نوێی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کردوو لە ستراتیژییە نوێکەدا، ئەمریکا و رۆژئاوا وەک سەرچاوەیەکی هەڕەشە بۆ مۆسکۆ لە قەڵەم دەدرێت.

لە سەرەتای جەنگی روسیا و ئۆکرانیەوە پەیوەندییەکانی نیوان وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا لەگەڵ روسیا گرژی تێکەوت و روسیا ئاماژەی بەوەدا، رۆژئاوا و ئەمریکا دەیانەوێت جەنگی ئۆکرانیا بەردەوام بێت، ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاواش بەردەوامن لە سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر روسیادا.













گەلەری