سەردێڕ:

بایدن: رەنگە زیرەکی دەستکرد مەترسیی دروست بکات

PM:03:00:05/04/2023

2508 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا بەرپرسیارێتیی بگرنە ئەستۆ بەرامبەر ئەو مەترسییانەی زیرەکی دەستکرد دروستیان دەکات، وتیشی، پێویستە کۆنگرێس بۆ ئەو مەبەستە هەنگاو بگرێتەبەر.


ئەمڕۆ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی لەگەڵ ئەنجومەنی راوێژکارانی زانست و تەکنەلۆجیا کۆبووەوە و رایگەیاند، بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی ئەو دەرفەت و مەترسییانەی زیرەکی دەستکرد هێناویەتییە ئاراوە کۆبوونەوەکەیان ئەنجامداوە.

بایدن باسی لەوەکرد، رەنگە زیرەکی دەستکرد هاوکار بێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی کێشەکانی وەک نەخۆشییەکان و گۆڕانی ئاو و هەوا، بەڵام لە هەمان کاتدا رەنگە مەترسیی ئابووریی و ئاسایشی نیشتمانیشی لێبکەوێتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، پێی وایە بەرپرسیارێتی لەسەر شانی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیایە پێش ئەوەی بەرهەمەکانیان پێشکەش بە خەڵک بکەن دڵنیابن لەوەی سەلامەتن و رایگەیاند، ''تۆڕی کۆمەڵایەتی نیشانیداین کە پێش گرتنەبەری رێوشوێنی دروست تەکنەلۆجیای بەهێز رەنگە زیانی هەبێت''.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، نەگرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لەم چوارچێوەیەدا رەنگە کاریگەری خراپی لەسەر تەندروستی دەروونی و تێگەیشتن لە خود و هەستی گەنجان هەبێت.













گەلەری