سەردێڕ:

ترەمپ: ئەگەر من سەرۆک بوومایە جەنگی روسیا و ئۆکرانیا هەڵنەدەگیرسا

AM:08:43:05/04/2023

2536 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە دوای دەستگیکردنی رایگەیاند، هەموو ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستە کراوە تاوەکو نەتوانێت بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتوو بکات. دەشڵێت، " ئەگەر من سەرۆک بوومایە جەنگی نێوان روسیا ئۆکرانیا هەڵنەدەگیرسا."


دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە وتارێکدا لە بەردەم لایەنگرانی لە ویلایەتی فلۆریدا رایگەیاند، بووە بە قوربانی دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی ئەمریکادا و رەخنەی لە داواکاری گشتی نیویۆرک گرت بەهۆی ئاڕاستەکردنی تۆمەتەوە.

دۆناڵد ترەمپ وتیشی، "باوەڕ بەوەناکەم شتێکی لەو جۆرە لە ئەمریکادا روودەدات و تاکە تاوان کە کە کردوومە بەرگری کردنە لە گەلەکەم و رووبەڕووبوونەوەی ئەوانەیە کە هەوڵی لە ناوبردنی دەدەن."

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو دۆسیە ساختەیە لە دژی ئەو کراوەتەوە تاوەکو نەتوانێت بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٤ بکات و پێویستە بە زووترین کات سەرجەم دۆسیەکان دابخرێن.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەمریکا لە دۆخێکی شێواودایە و ئەگەر ئەو سەرۆک بووایە روسیا هێرشی نەدەکردە سەر ئۆکرانیا و ئەوەی ئێستا روودەدات هەڕەشە لەسەر وڵاتەکەیان دروستدەکات و لە ئێستادا هەموو جیهان پێیان پێدەکەنن.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، دیموکرایتییەکان سیخوڕییان بەسەرەوە کردووە لە کاتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٦ و هەواڵیانداوە لە رێگەی لێکۆڵینەوەی ساختە لەناویبەرن. وتیشی، "سەرۆکایەتی ئێستای ئەمریکا هەڵەی سیاسی زۆرە، من بە نیازی پاکەوە مامەڵەم لەگەڵکردن هەتاوەکو ئەو کاتەی بە پاساوی بەڵگەنامەی نهێنییەوە هێرشیان کردە سەر ماڵەکەم."

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رەوانەی دادگای مانهاتن لە ویلایەتی نیویۆرک کرا و ٣٤ تۆمەتی ئاڕاستە کرا.

تۆمەتەکان پێکهاتبوون لە بێدەنگکردن و ئەنجامدانی ساختەکاری بازرگانی و ئەنجامدانی چالاکی نایاسایی لە دژی کاندیدەکانی هەڵبژاردەکانی ساڵی ٢٠١٦.

دوای ئەوەی دادگای مانهتان سەرجەم تۆمەتەکانی ئاڕاستەی دۆناڵد تڕەمپ کرد لە رێگەی کەفالەتەوە ئازادکرا و ترەمپ گەڕایەوە ویلایەتی فلۆریدا و دانیشتنی داهاتووی دۆسیەکانی ترەمپ خرایە رێکەوتی ٤ی مانگی کانونی یەکەمی ئەمساڵ.













گەلەری