سەردێڕ:

نەتەوەیەکگرتووەکان: لەماوەی نیوسەدەدا یەک ملیۆن کەس لە عێراق بێسەروشوێن بوون

PM:11:59:04/04/2023

2744 جار خوێندراوەتەوە

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کرد، لە ماوەی دەسەڵاتی سەدام حسێنەوە تا کاتی سەرهەڵدانی شەڕی داعش نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە عێراق بێسەروشوێن بوون.


ئەمڕۆ سێشەممە، لیژنەی بێسەروشوێنبوان لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا ئاماژەی بەوەدا، لە ماوەی نیو سەدە ئاڵۆزی لە عێراقدا نزیکەی ملیۆنێک کەس بێسەرووشوێنن. هاوکات، داوای لە عێراق کردووە بەدوای قوربانیاندا بگەڕێت و تاوانباران سزا بدات.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتەکەیدا رایگەیاندووە، لە نێوان ساڵانی ١٩٦٨ تا ٢٠٠٣ لە عێراق نزیکەی ٢٩٠ هەزار کەس بێسەروشوێنکراون لەوانەش نزیکەی ١٠٠ هەزار کەسیان کوردن.

دەشڵێت، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، ٢٠٠ هەزار عێراقی دەستگیرکراون و لە زیندانەکانی ئەمریکا و بەریتانیادان.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، شەپۆلێکی نوێی رفاندنیش هاوکات بووە لەگەڵ راگەیاندنی دامەزراندنی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا" لەلایەن گروپی چەکداری داعشەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی سەدام حسێنەوە لە ساڵی ١٩٧٩وە، لە ساڵی ١٩٨٠ جەنگی عێراق و ئێرانی هەڵگیرساند و ماوەی هەشت ساڵی خایاند و درێژترین جەنگی سەدەی بیستەم بوو، دواتر لە دوای کۆتای هاتن بە جەنگ لەگەڵ ئێران دوای سێ ساڵ و لە ساڵی ١٩٩١دا جارێکی دیکە عیراق هێرشیکردە سەر وڵاتی کوێت و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرپەرچی دایەوە، ئەوەش جگە لە هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر کورد و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و پڕۆسەی ئەنفال.

تا ئێستاش هیچ ئامارێکی فەرمی ورد لەبەردەستدا نییە کە لەو جەنگانەدا چەند کەس گیانیان لەدەستداوە و چەند کەس بریندار و کەمئەندام بوون و چەند کەسیش بێسەروشوێن بوون.













گەلەری