سەردێڕ:

سەرۆکایەتی پەرلەمان دانیشتنی داهاتووی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژە یاسای بودجە دیاریکرد

PM:11:59:02/04/2023

9868 جار خوێندراوەتەوە

جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان خوێندنەوەی یاسایی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای بودجە دەکرێت.


هاوکات، ئەمڕۆ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ خوێندنەوەی یاسایی پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بەڕێوەچوو تێیدا سەرجەم پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ ئامادەبوون.

 

بەڵام زۆربەی پەرلەمانتارانی یەکێتی و پارتی ئامادەنەبوون و بەهۆی وتەکانی پارێزگاری هەڵەبجەوە چەند پەرلەمانتارێکی چوارچێوەی هەماهەنگی بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد.

لە رۆژی رابردوو، حسێن موئنیس ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، داوا لە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکەن رەشنووسی بودجەی گشتی بە زووترین کات رەوانەی لیژنەی دارایی بکات لە پێناو گفتگۆکردن لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە.

ئەمڕۆ رەشنووی پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کرا و بڕیارە لە دانیشتنی داهاتوو گفتوگۆی لەسەر بکرێت.

بەپێی دوایین زانیارییەکان قەبارەی بودجەی ئەمساڵی عێراق ١٧٠ بۆ ٢٠٠ ترلیۆن دینارە و یەکێکە لە بودجە زەبەلاحەکانی مێژووی عێراق.

لە رێکەوتی ١٣ی ئازاری ئەمساڵ لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی حکومەتی عێراق پرۆژە یاسای بودجەی ساڵەکانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ پەسەندکرا و پاشان دەنێردرێتە پەرلەمان بۆ بڕیاردان لەسەری.

جێگای ئاماژەیە، پشکی هەرێم لەو بودجەیە ١٢.٦٧٪.

 













گەلەری