سەردێڕ:

چەند وڵاتێکی ئەندامی ئۆپیک و ئۆپیک پڵەس بەرهەمهێنانی نەوت کەمدەکەنەوە

PM:07:54:02/04/2023

1292 جار خوێندراوەتەوە

هەریەک لە عێراق و روسیا و سعودییە و ئیمارات و جەزائیر و کوێت و عومان رایانگەیاند، بەشێوەیەکی خۆویستانە و بە ئامانجی سەقامگیری نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان و راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان خواست و خستنە بازاڕدا بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت کەمدەکەنەوە.


وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بڕیاریانداوە بە کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوت بەشێوەیەکی خۆویستانە. ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژانە بە بڕی ٢١١ هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوت کەمدەکەنەوە و بڕیارکەش لە سەرەتای مانگی ئایارەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

راگەیەنراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، جێبەجێکردنی بڕیارەکە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ بەردەوامدەبێت، ئەمەش بە ئامانجی هاوسەنگی دروستکردن لە نێوان خواست و خستنەڕووی نەوت و سەقامگیری بازاڕی نەوت.

باسی لەوەشکردووە، ئەوان ئەو هەنگاوەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ چەند وڵاتێکی بەرهەمهێنی نەوت دەگرنەبەر بەشێوەیەک دژنەیەتەوە لەگەڵ سیاسەتی پێشووی کەمکردنەوەی نەوت.

هاوکات، ماڵپەری سکای نیوزی عەرەبی بڵاویکردەوە، بە گوێرەی زانیارییەکان وەزارەتی وزەی سعودییە بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوەی داوە بە ڕێژەی ٥٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە و ئەو بڕیارەش لە سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵ تاوەکو کۆتایی سالێ ٢٠٢٣ جێبەجێدەکات.

لەوبارەیەشەوە، سەهیل محەمەد وەزیری وزە و ژێرخانی ئابوری ئیماڕات ئاماژەی بەوەدا، بەهەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی رێکخراوی ئۆپیک ئیماڕاتیش ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە رێژەی ١٤٤ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە کەمدەکاتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ئەلیکساندەر نۆڤاک جێگری سەرۆکوەزیرانی روسیا رایگەیاند، بڕیاریان داوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکەیان بە رێژەی ٥٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ کەمبکەنەوە.

جگە لەوانیش، بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی رێکخراوی ئۆپیک هەریەکە لە وڵاتانی جەزائیر و عومان و کوێت بڕیاری کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیان داوە.

رێکخراوی وڵاتانی سەرچاوەی نەوت ناسراو بە "ئۆپیک" لە ساڵی ١٩٦٠ لە بەغدا لەلایەن نوێنەرانی دامەزرێنەری سەرەکی رێکخراوەکە پێکهات کە بریتیبوون لە ئێران و عێراق و کوێت و سعودییە و ڤەنزوێلا، بارەگا سەرەکییەکەی لە شاری ڤیێنایە لە نەمسا.

رێکخراوی ئۆپیک لە ئێستادا لە ١٤ وڵات پێکهاتووە ئەوانیش:

جەزائیر، ئەنگۆلا، کینیای کەمەرەیی، گابۆن، ئێران، عێراق، کوێت، لیبیا، نێجیریا، عومان، کۆماری کۆنگۆ، سعودییە، ئیماڕات، فەنزوێلا


 













گەلەری