سەردێڕ:

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئاماری سامانی ئاژەڵی ئاشکرا کرد

AM:12:28:02/04/2023

2844 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی سامانی ئاژەڵی لەوەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، کۆی گشتی ژمارەی سامانی ئاژەڵی لە عێراقدا لە سەرەتای ساڵەوە هەتاوەکو ناوەڕاستی مانگی ئازار گەیشتووەتە ٢٠ ملیۆن و ٤٢٦ هەزار و ٤٨١ سەر ئاژەڵ.


وەلید محەمەد بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی سامانی ئاژەڵی لەوەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، مەڕ پلەی یەکەمی گرتووە لە لیستی سامانی ئاژەڵی لە عێراقدا کە بریتییە لە ١٦ ملیۆن و ٥٢٠ هەزار و ٧٢٧ سەر.

دەشڵێت، لەو رێژەیەش پارێزگای نەینەوا خاوەندارێتی پێنج ملیۆن و ٢٧٠ هەزار و ٨١٦ سەر مەڕ دەکات و دوای ئەویش پارێزگای ئەنبار بە پلەی دووەم دێت کە خاوەندارێتی دوو ملیۆن و ٨٦٣ هەزار و ٦٠٢ سەر مەڕ دەکات.

باسی لەوەشکردووە، ژمارەی بزن لەعێراقدا گەیشتووەتە ملیۆنێک و ٣٦٠ هەزار و ٧٤٢ سەر و پارێزگای نەینەوا لەرووی ژمارەی بزنەوە لە پلەی یەکەمدادێت کە خاوەندارێتی ٢٦٩ هەزار و ١٤٧ سەر بزن دەکات و پارێزگای ئەنبار لەپلەی دووەمدا دێت کە خاوەندارێتی ١٥٥ هەزار و ٨٠ سەر بزن دەکات.

وەلید محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەی مانگا لە سەرجەم پارێزگاکاندا ملیۆنێک و ٨٧٧ هەزار و ٨٢٩ سەرە و پارێزگای زیقار بە هەبوونی ٢٨٩ هەزار و ٨٢٩ سەر لەپلەی یەکەمدا دێت و پارێزگای بابل بە پلەی دووەم دێت کە خاوەندارێتی ٢٣٣ هەزار و ٥٠٠ سەر مانگا دەکات.

وتیشی، ژمارەی گامێش لە تەواوی پارێزگاکاندا گەیشتووەتە ٤٦٢ هەزار و ٢٩١ سەر و پارێزگای بەغدا بەپلەی یەکەم دێت کە خاوەندارێتی ١٠٢ هەزار و ١٠٦ سەر گامێش دەکات و پارێزگای بەسرەش بە پلەی دووەم دێت کە خاوەندارێتی ٩٢ هەزار و ٧٤٦ سەر گامێش دەکات.

بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی سامانی ئاژەڵی لەوەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، ژمارەی وشتر لە عێراقدا دەگاتە ٢٠٤ هەزار و ٨٩٤ سەر و پارێزگای موسەنا بە هەبوونی ٢٧ هەزار و ٧٢٣ سەر لە پلەی یەکەمدا دێت و پارێزگای نەینەواش بەهەبوونی ٢٧ هەزار و ١٣١ سەر وشتر لە پلەی دووەمدا دێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا بەرپرسانی حکومی هەرێم ئاماژەیان بەوەدابوو کە هەرێم خاوەنی ژمارەیەکی زۆر مەڕ و بزن و مانگاو و ڕەشەوڵاخی تێدایە و سامانێکی گرنگ و سەرمایەیەکی کشتوکاڵی گەورەیە و مایەی بژێوی ھەزارەھا خانەوادەیە، بەڵام هاوشێوەی سێکتەرەکانی دیکە چونکە حکومەت ھیچ پاڵپشتیەکی ناکات بەرەو لەناوچوون و مایە پوچ بوون دەچێت.













گەلەری