سەردێڕ:

لیژنەی دارایی لە بارەی بودجەوە داواکارییەکی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد

PM:06:20:01/04/2023

10596 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق دەکەن بە زووترین کات رەشنووسی بودجە رادەستی لیژنەی دارایی بکەن، چونکە خەڵک و وڵاتەکە پێویستیان بە بودجەیە.


حسێن موئنیس ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، داوا لە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکەن رەشنووسی بودجەی گشتی بە زووترین کات رەوانەی لیژنەی دارایی بکات لە پێناو گفتگۆکردن لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە.

ئاماژەی بەوەش داوە، لە ئێستادا خەڵكی عێراق چاوەڕێی پەسەندکردنی بودجەی گشتین و لەسەر پەرلەمان پێویستە هەوڵەکانی لیژنەی دارایی دووهێندە بکات لە پێناو بەڕێوەچوونی کاروبارەکانی پەیوەست بە رەشنووسی بودجە بە زووترین کات.

دەشڵێت، "عێراق و خەڵکەکەی پێویستی بە پەسەندکردنی بودجەیە بۆیە ئەندامانی لیژنەی پەرلەمانیش داوای پەلەکردن دەکەن لە کاروبارەکان."

پێشتر فازڵ نەبی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پەسەندکردنی بودجەی عێراقی ئەمساڵ پێویستی بە رەزامەندی لایەنەکانی سونە و شیعە و هەرێم هەیە و بەبێ رەزامەندی هەریەکە لەو لایەنانە بودجە پەسەند ناکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا هەرێم و بەغدا رێککەوتنی باشیان ئەنجامداوە و لەسەر پرسی نەوت و گاز بەرەوپێشەوە چوون و ئەگەر رێککەوتنی تەواو لە نێوان هەرێم و بەغدا ئەنجام بدرێت کێشەی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەردەبێت.

لە ١٣ـی ئازاری ٢٠٢٣دا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژەیاسای بودجەی ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ـی پەسەند کرد و رەوانەی پەرلەمانی کرد و بۆ ئەمساڵ ١٠٤ ترلیۆن و ٥٥٢ ملیۆن و ٩١٩ هەزار و ٦٣ دۆلارە و نرخی هەر بەرمیلێکی نەوتیش بە ٧٠ دۆلار مەزەندە کراوە و هەر دۆلارێکیش بە هەزار و ٣٠٠ دینار دیاریکراوە.

لە پرۆژەیاساکەدا، پشکی هەرێم بە ١٢.٦٪ مەزەندە کراوە و هەرێم پابەند کراوە بە ئاشکراکردنی داهاتە ناوخۆیی و نەوتییەکانی بۆ بەغدا.

بەپێی پرۆژەیاساکەش پێویستە هەرێم رۆژانە بڕی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات و مانگانە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم راپۆرتی داهاتەکان بداتە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی عێراق و دیوانی چاودێری ناوەندی و پاکتاوی هەژمارەکانیان بکەن.













گەلەری