دوای راگەیاندنی پلانی ئاشتی جەنگی ئۆکرانیا لەلایەن چینەوە، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، چین ناتوانێت لە جەنگی ئۆکرانیادا نێوەندگیری بکات.
جۆزیف بۆرێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا باسی لەوەکرد، چین ناتوانێت ببێیە بەشێک لە پرۆسەی ئاشتی و رۆڵی نێوەندگیری لە جەنگی ئۆکرانیا و روسیادا ببینێت چونکە چین لایەنگیری روسیا دەکات لە جەنگەکەدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، چین جیاوازی ناکات لە نێوان دەستدرێژیکار و ستەملێکراودا
و داوای کشانەوەی هێزەکانی روسیا لە ئۆکرانیا ناکات. وتیشی، پێویستە چین هەوڵەکانی
خۆی بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە ئۆکرانیادا بەکاربهێنێت.
بۆرێل باسی لەوەشکرد، تاکە رێگای راگەیاندنی ئاشتی ئەوەیە کە لەلایەن ڤۆڵۆدیمێر
زیلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا خراوەتە بەردەم روسیا کە داوا دەکات هێزەکانی روسیا بکشێنەوە
و سنورەکانی ئۆکرانیا بگەڕێتەوە ئەو شوێنانەی بەر لە داگیرکردنی نیوە دوورگەی کریمیا
و لکاندنی بە روسیاوە لەساڵی ٢٠١٤دا بە سنووری
وڵاتەکە دادەنرا.
ئەوەش لە دوای ئەوە دێت، مانگی رابردوو چین هەنگاو و پلانی ئاشتی راگەیاند،
کە لە ١٢ خاڵ پێکدێت و داوای راگرتنی جەنگ و ئاگربەستی تەواوی و راگەیاندنی ئاشتی
دەکات.