سەردێڕ:

ئەمریکا ئامانجی چییە لە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی جەنگ لە عێراق؟

PM:04:16:31/03/2023

4428 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا یاسای سەرپشکردنی هێزەکانی ئەمریکا بۆ هەڵگیرسانی جەنگی دووەم و سێیەمی لە عێراق هەڵوەشاندەوە و بەم بڕیارەش ئەمریکا گرنگیدان بە ناکۆکییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەمدەکاتەوە، بەڵام رێککەوتنی ستراتیجی لەگەڵ عێراق دەپارێزێت.


غازی فەیسەڵ سەرۆکی ناوەندی عێراقی بۆ توێژینەوە ستراریژییەکان بە ماڵپەڕی سکای نیوزی عەرەبی راگەیاند، ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بە رێککەوتنێکی هاوبەش لە نێوان عێراق و ئەمریکا واژۆکراوە، ئامانجەکەشی گەیشتنە بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەبێ جەنگ.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو ئەمریکا گەیشتووە بە ئامانجەکانی لە عێراق و ئەم بڕیارە دەبێتەهۆی کێشانی نەخشەیەکی ستراتیجی لە داهاتووی نێوان هەریەکە لە ئەمریکا و عێراق و هێزەکانی ئەمریکا لە عێڕاق دەمێننەوە، بەڵام تەنها بۆ هاوکاری کردنی هێزی عێراقی.

جێگای ئاماژەیە، ئەم بڕیارە تاوەکو لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پەسەند نەکرێت بە یاسا ناناسرێت و لەلایەنی تەکنیکیشەوە لە مێژە جەنگی عێراق کۆتایی هاتووە بۆ کاریگەری نابێت لەسەر جووڵەی هێزەکانی ئەمریکا لەو دەوروبەرە.

هاوکات، چاک شومەر سەرۆکی زۆرینەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا، ئەمریکا دەیەوێت سنوورێک بۆ جەنگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابنێت کە هەرگیز کۆتایی نایەت و لە رێگەی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەوە هەنگاوێکی گرنگ دەنێت بۆ ئەوەی ناکۆکییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتگوێ بخەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە پەیوەندییەک لە نێوان عێراق و ئەمریکا بوونی هەیە ئەویش لە رێگەی پابەندبوون بە رێککەوتنامەیەکی ستراتیجی کە لەو ساڵەدا لە نێوان هەردوولا واژۆکراوە و لە ساڵی ٢٠٠٩ش لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند کراوە.

لە ئێستادا تەنها دوو هەزار و ٥٠٠ سەربازی ئەمریکی لە عێراق بوونیان هەیە ئەویش بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانی لۆجیستی و راهێنان لەسەر ئۆپەراسیۆنەکان و هەواڵگری و چاودێریکردنی توانا چەکدارییەکانی سوپای عێراق.

لە ساڵێ ١٩٩١ ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بە یاسایەک رێگەیان بە سەرۆکایەتی وڵاتەکە دا هێزەکانیان بێنەناو خاکی عێراقەوە و ئۆپراسیۆنی سەربازی ئەنجامبدەن. هەروەها، لە ساڵی ٢٠٠٢ بە بڕیارێکی دیکە رێگەدرا جۆرج بۆشی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا جەنگی رزگارکردنی عێراق ئەنجامبدات.












گەلەری