سەردێڕ:

وەزارەتی پلاندانانی عێراق زانیاری نوێی لەبارەی بودجەی گشتییەوە ئاشکرا کرد

AM:09:52:31/03/2023

11724 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری پلاندانانی عێڕاقی رایگەیاند، لە بودجەی ئەمساڵی عێراق پلانیان داناوە تاوەکو قەرزە دەرەکی و ناوخۆییەکان بدەنەوە و چارەسەری قەیرانی نیشتەجێبوون بکەن و پەرە بە کەرتی تایبەت بدەن.


محەمەد عەلی وەزیری پلاندانانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵ پرۆسەیەکی نوێ نییە و لە یاسای کارگێڕی دارایی و قەرزی ساڵی ٢٠١٩ باسکراوە و لە خولەکانی پێشووی پەرلەمانیش پەسەندکراوە.

وتیشی، "بودجەی ئەمجارە سەرنج دەخاتە سەر لەنگەرە سەرەکییەکان ئەوانیش داهاتەکان و خەرجییەکان و کورتهێنان و پرکردنەوەی کورتهێنان."

ئاماژەی بەوەشدا، بودجەی ئەمجارە بۆ سێ ساڵە، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران خشتەی گشتی ساڵەکانی ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ هاوپێچ نەکردووە، بۆیە لە ئێستادا کاروبارەکان لەسەر بودجەی ٢٠٢٣یە و قەبارەکەی بە نزیکەیی ٢٠٠ ترلیۆن دینارە و ئەگەری کورتهێنانی ٦٠ ترلیۆن دینارە.

محەمەد عەلی ئەوەشی خستەڕوو، لە رەشنووسی بودجەی ٢٠٢٣ نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بە ٧٠ دۆلار خەمێڵندراوە و بەپێی پێشبینی جدی ئەو نرخە دیاریکراوە.

دەشڵێت، حکومەتی ئێستای عێراق بەرپرس نییە لە بەشە زیادکراوەکان لە لایەنی کارپێکردنی بودجە، بەڵکو ئەو زیادکراوانە بۆ چارەسەری بڕیارەکانی حکومەتەکانی پێشووی عێراقە بۆ نموونە دامەزراندنی خۆبەخش و وانەبێژەکان.

باسی لەوەشکرد، لە بودجەی ئەمساڵدا پلانی چارەسەرکردنی قەرزە ناوخۆییەکان و دەرەکییەکانیانی کردووە، کە لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا تەنها ١٥٪ی قەرزەکان دراوەتەوە و هەنگاوی گرنگیان ناوە لە یاسای گرەنتی کۆمەڵایەتی.

وەزیری پلاندانانی عێراق روونیشیکردەوە، کەرتی تایبەت هاوبەشی سەرەکییە لە هاوکاریکردنی عێراق و حکومەتەکەی لە جێبەجێکردنی بەرنامە و سیاسەتەکان و پلانیان داناوە تاوەکو کەرتی تایبەت لە ناوخۆیی عێراق پەرەپێبدەن.

دەشڵێت، "عێراق تووشی قەیرانی پلاندانان نەبووە، بەڵام کێشەی جێبەجێکردنی هەیە."

ئەوەشی ئاشکراکرد، پلانیان دانەوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون لە رێگەی بنیادنانی شاری نوێ دوور لە ناوەند و پلانی چارەسەرکردنی قەڕەباڵغی ئابوری دانوە بۆ هاندنای وەبەرهێنان.

ئەوەشی ئاشکراکرد، لە ئێستادا عێراق لە بەردەم دوو پرۆسەی سەرەکییە ئەویش بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و دووەمیان ئامادەکردنی ئاماری دانیشتوانە تاوەکو لە رێگەیەوە پێویستییەکانی عێراق لە خزمەتگوزاری و ژێرخانی ئابووری دیاریبکەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە رۆژی ١٣ی ٣ی ٢٠٢٣ لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی حکومەتی عێراق پرۆژە یاسای بودجەی ساڵەکانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ پەسەندکرا و تیایدا پشکی هەرێم لە بودجە ١٢.٦٧٪ـدایە.

لە رۆژی هەینی رێکەوتی ١٧ی ٣ی ٢٠٢٣باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق لە تویتەری خۆی رایگەیاند، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی حوکمەکانی دەستوور و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی، ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە رەشنووسی بودجەی گشتی فیدڕاڵیی کۆماری عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ رادەستی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرا.













گەلەری