سەردێڕ:

دژی ژەهراویبوونی ژمارەیەک لە خوێندکاران؛ مامۆستایان لە ئێران خۆپیشاندانیان کرد

PM:06:50:07/03/2023

3504 جار خوێندراوەتەوە

لە کاتێکدا لە ئێران حاڵەتەکانی ژەهراویبوونی بەکۆمەڵی خوێندکاران کە زیاتر لە قوتابخانەکانی کچاندا تۆمار دەکرێن بەردەوامە، مامۆستایان خۆپیشاندانیان لە بەشێک لە شارەکانی ئەو وڵاتە ئەنجام دا و ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە دەسەڵاتداران دەربڕی.


دوای ئەوەی سەندیکاکانی مامۆستایانی ئێران بەدەم بانگەوازی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانەوە چوون، مامۆستایان لە بەردەم باڵەخانەی پەرلەمان لە تارانی پایتەخت و دژی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە لە سەرانسەری وڵات خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.

بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، لە خۆپیشاندانەکانی شاری کەرەج، تاران، لاهیجان، مەشهەد، سنە، ئەهواز و شیراز ، مامۆستایان بەرامبەر بە حاڵەتەکانی ژەهراویبوون لە قوتابخانەکاندا ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە دەسەڵاتداران دەربڕی.

لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەرکەوتووە، هێزە ئەمنییەکان لە هەندێک شاردا دەستوەردانیان دژ بەو مامۆستایانە کردووە کە دروشمیان وتووەتەوە.

بە گوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە شاری تاران تۆمار کراون، دەرکەوتووە پۆلیس رێوشوێنی ئەمنی توندی لە دەوروبەری پەرلەمان گرتووەتە بەر.

هاوکات، بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی ئێران، ئەمڕۆش حاڵەتەکانی ژەهراویبوونی بەکۆمەڵ کە سەرچاوەکانیان نادیارە لەو وڵاتەدا تۆمار کراوە.

میدیاکان ئاماژەیان بەوەداوە، لە شاری زاهیدانی سەربە پارێزگای سیستان و بەلوچستان، ٤١ خوێندکاری دیکە کە نیشانەکانی ژەهراویبوونیان تیادا دەرکەوتووە، گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە رۆژی ١٣ی ٩ی ٢٠٢٢ دوای ده‌ستگیركردنی له‌لایه‌ن پۆلیسی ئیرشادی تارانه‌وه‌ بە پاساوی "پابەند نەبوون بە یاساکانی باڵاپۆشی"، کچە چالاکوانی کورد، ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵان رەوشی ته‌ندروستی تێکچوو دواتر گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە. رۆژی ١٦ی ٩ی ٢٠٢٢ ژینا ئه‌مینی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. دوابەدوای ئەمەش لە رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی سەری هەڵدا و دواتر شارە گەورەکانی دیکەی ئێرانی گرتەوە.

بەهۆی خۆپیشاندانەکانیش بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران رایگەیاند، ژمارەی ئەوکەسانەی لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا کوژراون گەیشتە ٤٥٨ کەس. هەربەگوێرەی ئامارەکە لە پارێزگاکانی کوردستان و کرماشان و ئیلام و لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان ٨٣ خۆپیشاندەر کوژران.













گەلەری