سەردێڕ:

ئەردۆغان لەبارەی زیانی بومەلەرزەکانەوە بۆ هاوڵاتییان: داوای گەردن ئازادیتان لێدەکەم

PM:07:31:27/02/2023

5756 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی تورکیا لەکاتی سەردانیکردنی بۆ ناوچەی سەمسور"ئەدیامان" رایگەیاند، "لە سەرەتادا نەمانتوانی بەو شێوەیەی دەمانخواست کارەکان بکەین داوای گەردن ئازادیتان لێده‌كه‌م".


رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لە چوارچێوەی پێشکەشکردنی وتارێکی لە یەکێک لەو پارێزگایانەی زۆرترین کاریگەری بومەلەرزەکەی ٦ی شوباتی کەوتە سەر ئاماژەی بەوەدا، " بەهۆی كاریگه‌ریی رووخێنه‌ری بوومەلەرزەکان، نالەباری کەشوهەوا، ئاسته‌نگه‌كان له‌ ئه‌نجامی زیان گه‌یشتن به‌ ژێرخانه‌كان، لەچەند رۆژی سەرەتادا نەمانتوانی بەو شێوەیەی دەمانخواست لە ئادیامان کارەکان بکەین. لەبەرئەوە داوای گەردن ئازادیتان لێده‌كه‌م".

وتیشی، ئەو ٧٠ هەزار هاوڵاتییەی لە سەمسور "ئەدیامان" داوای کۆنتەینەر یان هاوکاری کرێ خانوویان کردووە، هیچ کەسیان بێ بەش بن.

ئەوەشی خستەڕوو، بەهەموو شێوەیەک پشتیوانی لە جووتیاران دەکەن هەر لە دابینکردنی ئالیک تا دابینکردنی ئاژەڵی نوێ بۆ شوێنی ئەوانەی لەناوچوون.

سەرۆکی تورکیا باسی لەوەشکرد، ژمارەی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون کە لە سەرانسەری ناوچە کارەساتبارەکاندا بناغەیان تەواو بووە و گەیشتوونەتە قۆناغی دروستکردن ٣٠٩ باڵەخانەیە.

ئاشکراشی کرد، "لە ئادیامان نزیکەی ٥٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروست دەکەین. لەو شوێنانەی توێژینەوەی جیۆلۆجیی تەواو بووە، به‌ خێرایی دەست بە کاری هەڵکەندن و دروستکردن دەکەین. لە کورترین ماوەدا ئەوەی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین، بەتایبەتی ئامادەکردنی پرۆژەکانی وەرچەرخانی شارسازیی بۆ ئەوەی هەموو شارەکانمان لە ئامادەبایشییدابن بۆ کارەساتەکان".

لە بەرەبەیانی ٦ی شوباتی ئەمساڵ بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٧ پلە بە پێوەری رێختەر باکور و رۆژئاوای کوردستان و چەند ناوچەیەکی دیکەی لە تورکیا و سوریا هەژاند و بەشێک لە هاوڵاتییانی عێراق و لوبنان و میسر هەستیان بە بومەلەرزەکە کرد.

بەهۆی بومەلەرزەکەوە لە تورکیا و سوریا نزیکەی ٦٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و بە سەدان هەزار کەسیش برینداربوون.













گەلەری