سەردێڕ:

نوێترین ئاماری بوومەلەرزەکەی ٦ی شووبات بڵاوکرایەوە

AM:10:34:23/02/2023

5132 جار خوێندراوەتەوە

دواین ئامارەکان دەریدەخەن، بەهۆی بومەلەرزەکەی ٦ی شوباتەوە کە ناوچەکانی باکور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سوریای گرتەوە، تا ئێستا ٥٠ هەزار و ٣٠٣ کەس گیانلەدەستداوە.


وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، بەهۆی بومەلەرزەکەی ٦ی شوباتەوە لە باکوری کوردستان و تورکیا ٤٣ هەزار و ٥٥٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٦٠٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبون و ١٥٠ هەزار بینای بازرگانی زیانیان بەرکەوتووە.

ئیدارەی فریاکەوتن و کارەساتە سروشتیەکانی تورکیا ناسراو بە "ئافاد" بڵاویکردەوە، لە دوای یەکەم بومەلەرزەوە حەوت هەزار و٢٤٢ پاشلەرزە ڕوویداوە، کە ٤١ بومەلەرزەیان لە نێوان ٥ بۆ ٦ پلەی رێختەر بووە و٤٥٠شیان لە نێوان ٤تا ٥ پلەی رێختەر بووە.

هاوکات لە سوریاش رێژەی گیانلەدەستدان بەهۆی بومەلەرزەکەوە بەرزبووەتەوە و روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، بەهۆی بومەلەرزەکەوە شەش هەزار و ٧٤٧ کەس گیانیان لەدەستداوە.

لە لایەکی دیکەوە رێکخراوی تەندروستی جیهانی پێشبینی دەکات تەرمێکی زۆر لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا مابنەوە و راشیگەیاند بەهۆی بومەلەرزەکەوە ٢٣ ملیۆن کەس زیانیان بەرکەوتووە.

لە بەرەبەیانی ٦ی شوبات بومەلەرزەیەک بەگوڕی ٧.٦ پلەی رێختەر باکور و رۆژئاوای کوردستان و بەشێکی تورکیا و سوریای هەژاند و بەهێزی بومەلەزەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس و ئاوارە بوونی سەدان هەزار خێزان سەرەڕای روخانی هەزاران باڵەخانە و زیانێکی زۆری مادی.

ک.ک
ل.ل













گەلەری