سەردێڕ:

یەکێتی ئەوروپا سزای بەسەر دوو وەزیری ئێراندا سەپاند

PM:06:42:21/02/2023

3664 جار خوێندراوەتەوە

وەک وەڵامێک بۆ سەرکوتکارییەنوێیەکانی ئێران دژی خۆپیشاندەران، یەکێتی ئەوروپا سزای بەسەر وەزیری خوێندن و وەزیری کولتوری ئەو وڵاتەدا سەپاند، ئەمەش پێنجەمین جارە یەکێتییەکە سزا بەسەر تاراندا دەسەپێنێت.


گۆڤاری فەرمی یەکێتی ئەوروپا بڵاویکردەوە، سزا نوێییەکان ٣٢ کەس و دوو لایەنی گرتووەتەوە، زیاتریش یاسادانەران و بەرپرسانی دەسەڵاتی دادوەری و بەرپرسانی زیندانەکان کراونەتە ئامانج کە بە تۆمەتی سەرکوتکاری تۆمەتبار کراون.

نوێترین سزاکانی سەر ئێران، هەریەک لە محەمەد مەهدی ئیسماعیلی وەزیری کولتور و رێنمایی ئیسلامی و یوسف نوری وەزیری خوێندنی ئێرانی کردووەتە ئامانج.

سزادانی وەزیری کولتور و رێنمایی ئیسلامی بەهۆی سزادانی هونەرمەندان و فیلمسازانەوەیە کە پشتیوانییان لە حکومەتی ئێران نەکردووە. هاوکات، وەزیری خوێندنی ئێرانیش خراوەتە لیستی رەشەوە، بە تۆمەتی دەستگیرکردنی ئەو خوێندکارانەی بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کردووە.

سزاکانیش سەرمایەی ئەو دوو وەزیرەی ئێران لە یەکێتی ئەوروپا سڕ دەکات و گەشت کردنیان بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا قەدەغە دەکات.

هاوکات، دادوەران و بەرپرسانی دەسەڵاتی دادوەری و بەرپرسانی زیندانەکانیش سزا نوێییەکانی یەکێتی ئەوروپا دەیانگرێتەوە، بە هەمان شێوە بەهۆی تێوەگلانیانەوە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤدا.

ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانەوە یەکێتی ئەوروپا سزای بەسەر زیاتر لە ٧٠ بەرپرس و لایەنی ئێرانیدا سەپاند، لەوانەش پۆلیسی ئاکار و فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و دەزگای راگەیاندنی ئەو وڵاتە. بەڵام تا ئێستا یەکێتی ئەوروپا سوپای پاسدارانی ئێرانی وەکو گروپێکی تیرۆر نەناساندووە، سەرەڕای ئەوەی ئەڵمانیا و هۆڵەندا داوایان کردووە سوپای پاسداران وەکو رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێندرێت.













گەلەری