سەردێڕ:

کۆمپانیای KCC: پێشبینیدەکرێت زیانی بومەلەرزەکەی تورکیا بگاتە نزیکەی ٢٠ملیار دۆلار

PM:06:07:16/02/2023

3156 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای بونیاتنان دوای کارەسات " KCC" رایگەیاند، کۆی گشتی زیانەکانی موڵک و ماڵ بەهۆی ئەو بوومەلەرزانەی کە هێزەکەیان ٧.٨ و ٧.٥ پلە بوون بە پێوەری رێختەر لە تورکیا پێشبینیدەکرێت بگاتە نزیکەی ٢٠ ملیار دۆلار.


کۆمپانیای بونیاتنان دوای کارەسات " KCC" نوێترین راپۆرتی خۆی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە، بوومەلەرزەکان زیاتر لە 41 هەزار باڵەخانەیان لە سەرانسەری دە پارێزگا لە کۆی 81 پارێزگای تورکیا وێران کردووە یان زیانێکی زۆری پێگەیاندووە.

دەشڵێت، چاوەڕوان دەکرێت زیانەکانی ئەوانەی بیمەیان هەبووە بگاتە بڕی دوو ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بەهۆی بوومەلەرزەکەی سەرەتای ئەم مانگە تورکیای هەژاند.

پێشتریش، کۆمپانیای JPMorgan ی ئەمەریکای رایگەیاند، تێچووی زیانی باڵەخانە و بیناسازی لە تورکیا رەنگە بگاتە ٢.٥٪ی بەرهەمی ناوخۆیی گەشەسەندن کە دەکاتە ٢٥ ملیار دۆلار.

هاوکات، راپۆرتەکەی کۆمپانیای بونیاتنان دوای کارەسات " KCC" ئاماری زیانەکانی بیمەکانی سوریای تێدا نەبووە، کە لەوێ کارەساتەکە ئەو قەیرانە مرۆییەی زیاتر کردووە کە بەهۆی ١٢ ساڵ شەڕەوە دروست بووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی شەشی ئەم مانگە، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی ٧.٨ پلە بە پێوەری رێختەر چەندین ناوچەی باکوری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان و سوریا و تورکیای هەژاند و زیاتر لە ٣٥ هەزار کەس گیانیان لە دەستداوە و پێشبینیدەکرێت دەیان هەزار کەس لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا مابێتنەوە و لە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە هەفتەیەک بەسەر ئەو رووداوەدا تیمە فریاگوزارییەکان بەردەوامن لە رزگارکردنی هاوڵاتیان.













گەلەری