لە قەزای ئیسکەندەرون سەر بە پارێزگای هاتای دوای ١٠٢ کاتژمێر خێزانێکی شەش کەسی لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی پێنج نهۆمی رزگارکران و رەوانەی نەخۆشخانە کران.
ئاژانسی هەواڵی ئانادۆڵۆی تورکیا بڵاویکردەوە، تیمەکانی فریاگوزاری گوێبیستی دەنگی چەند کەسێک بوون کە لەژێر دارووپەردووی باڵەخانەیەکی پێنج نهۆمی لە گەڕەکی چای گیریان خواردبوو و داوای بەهاناوەچوونیان دەکرد.
دوای هەوڵێکی زۆر، تیمەکان دوای ١٠٢ کاتژمێر لە بوومەلەرزەکە، یاسەمین و
قادر ئۆکتای و منداڵەکانیان ئاردا ١٥ ساڵ، زیلان ٢٢ ساڵ، هێلین ٢٤ ساڵ و دیلان ئۆکتای
١٩ ساڵیان لە ژێر داروپەردووی داڕووخاوی باڵەخانەکەدا رزگارکرد و دواتر بە ئۆتۆمبێلی
فریاکەوتن رەوانەی نەخۆشخانە کران.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشداوە، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ رزگارکردنی ژن و مێردێک
بە ناوەکانی رازیە و حاجی موراد کڵنچ کە زانراوە لە شوقەی بەرامبەر ماڵی ئۆکتای نیشتەجێبوون.
هاوکات، لە پارێزگای ئامەد تیمەکانی فریاگوزاری دوای ١٠١ کاتژمێر لە
روودانی بومەلەرزەکە سەباحەت ڤارڵی تەمەن ٣٢ ساڵ و سەرهاتی کوڕە ١٠ ساڵانەکەیان لەژێر
دار و پەردوودا دۆزیەوە و رزگاریانکردن.
دایک و کوڕە بریندارەکە لەلایەن تیمەکانی تەندروستییەوە بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن
گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
لە بەرەبەیانی رۆژی دووشەمەی رابردوو بوومەرەلەزەیەک بە گوری ٧.٨ پلەی رێختەر
چەندین ناوچەی باکور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سوریای هەژاند و بەهۆیەوە هەزاران
کەس گیانیان لە دەستدا و برینداربوون و نزیکەی شەش هەزار خانوو باڵەخانە رووخان.