سەردێڕ:

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ: لە مانگی رابردوو چەکدارانی داعش ١٣ هێرشیان ئەنجامداوە

PM:08:00:31/01/2023

808 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی راگەیەندراوی روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ، لە ماوەی مانگی رابردوودا چەکدارانی داعش ١٣ هێرشیان ئەنجامداوە لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان.


دوای تێپەڕبوونی نزیکەی سێ ساڵ بەسەر راگەیاندنی تێکشکاندنی تەواوی رێکخراوی چەکدارانی داعش، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر کەسە رفێندراوەکان نییە و چالاکییەکانیان بەردەوامە و تەنها لەم مانگەدا ١٣ هێرشییان ئەنجامداوە و بووەتە هۆی کوژرانی ٢٠ کەس.

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٩، فەرماندەیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رووبەڕووبوونەوەی داعش، کۆتاییهاتنی رێکخراوەکەی راگەیاند، بەڵام دوایین نوێکارییەکانی ئەم ماوەیە ئاماژە بەوەدەدەن کە چەکدارانی داعش لە چالاکییە ناوە بەناوەکانیان بەردەوامیان هەیە.

روانگەی سوری وتوشیەتی، "چەکدارانی داعش بەردەوامن لە چالاکی و هێرشە ناوە بە ناوەکانیان لە دژی هێزەکانی هاوپەیمانان و هاوبەشەکەنیان لە هێزەکانی سوریای دیموکرات و زۆربەی ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنتڕۆلی ئەو هێزەدایە."

ئەوەش خراوەتەڕوو، شانەکانی چەکدارانی داعش هێشتا توانای وەرگرتنی هەلیان هەیە بۆ دروستکردنی پشێووی ئاسایش تاوەکو نیشانی بدەن کە ئەو رێکخراوە چەکدارییە هێشتا بە زیندوویی ماوەتەوە.

هێرشەکانی چەکدارانی داعش بە زۆری لە ناوچەکانی رەقە و دێرەزۆر و حەلەب و حەسکە و میحوەرەکانی حەماتی رۆژهەڵات و بیابانی سخنەی سنوری کارگێری نێوان رەقە و دێرەزۆر ئەنجامدراون.

جێگای ئاماژەیە، لە دوای تێپەڕبوونی نزیکەی سێ ساڵ بەسەر راگەیاندنی تێکشکاندنی داعش لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رووبەڕووبوونەوەی چەکداران، هێشتا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە ئەو کەسانەی لەلایەن داعشەوە فڕیندراون بوونی نییە.













گەلەری