سەردێڕ:

ئەو هەڕەشانە چین ڕووبەڕووی ئەردۆغان دەبنەوە لەهەڵبژاردنەکانی داهاتوودا؟

PM:11:09:18/01/2023

10088 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆککۆماری تورکیا، لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی لەگەڵ جێگرانی پارتی داد و گەشەپێدان ئاماژەی بەوەکرد، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە ١٤ی ئایار و دوای کۆتایی هاتنی مانگی رەمەزان، ئەمەش لەکاتێکدایە مانگی رەمەزانی ئەمساڵ لە ٢٣ی ئازاردا دەست پێدەکات و لە ٢١ی نیساندا کۆتایی دێت.


ئەردۆغان لەساڵی ٢٠٠٣دا پێش ئەوەی دەستوور هەمواربکاتەوە بوو بە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی تورکیا و دواتریش لەساڵی ٢٠١٤دا دوای هەموارکردنەوەی دەستور، بوو بەسەرۆکی تورکیا.

ئۆپۆزسیۆن ئاشکرایکردووە لەکاتی سەرکەوتندا دەگەڕێنەوە بۆ سیستمی پەرلەمانی، هەروەها شەش پارتی سیاسی هەوڵی دورخستنەوەی ئەردۆغان دەدەن لە گرتنەدەستی پۆستی سەرۆککۆماری.

ئەوەشخراوەتەڕوو، سەرۆکی تورکیا دەیەوێت لەهەڵبژاردنی داهاتوودا ماوەی مەنەوەی لە پۆستی سەرۆککۆماردا درێژبکاتەوە کە ماوەی ٢٠ ساڵە حوکمڕانی تورکیایە.

ئەمەش لەکاتێکدایە هەڵبژاردنەکان بەتەنها بڕیارنادەن کێ سەرۆکایەتی تورکیا دەکات، بەڵکو رۆڵێکی گرنگی هەیە لەسەر چۆنێتی بەڕێوەبردنی ولات و ئابوری و رەنگە کاریگەری هەبێت لەسەر هێورکردنەوەی ململانێکانی ئۆکرانیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش.

ئەردۆغان لەداوای دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیا لەسەردەمی مستەفا کەمال ئەتاتورک و لەماوەی سەد ساڵی رابردوودا بەیەکێک لە بەهێزترین سەرکردەکانی تورکیا دادەنرێت، ئەردۆغان و پارتی دادو گەشەپێدانی ئیسلامی کاریان لەپێناو دورخستنەوەی تورکیا کردووە لە سیستمی عەلمانیەتی ئەتاتورک.

رەخنەگرانی ئەردۆغان باسیان لەوەکردووە، حکومەتی ئەردۆغان دەنگی ناڕازییەکان کپدەکات و مافەکانیان پێشێلدەکات و سیستمی دادوەری ملکەچی بڕیارەکانی خۆی کردووە هاوکات تۆمەتەکان لەلایەن بەرپرسانەوە رەتدەکرێنەوە و دەڵێن حکومەت هاوڵاتیانی پاراستووە و لەبەرامبەر هەڕەشە ئەمنییەکاندا وەک هەوڵە شکستخواردووەکەی کودەتای ساڵی ٢٠١٦.

شارەزایانی ئابوری ئاماژەیان بەوەکردووە، بانگەشەکانی ئەردۆغان بۆ کارپێکردنی نرخی نزمی سوود بووە بەهۆی هەڵئاوسانێکی گەورە کە لە ٢٤ ساڵی رابردوودا هاوشێوەی نەبووە و ساڵی رابردوو گەیشتووە بە ٨٥٪ لەکاتێکدا لیرەی تورکی لە دەیەی رابردوودا دە هێندە بەهاکەی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی لەدەستداوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی بەریتانی حزبەکانی ئۆپۆزسیۆن بەڵێنیانداوە سەربەخۆیی بۆ بانکی ناوەندی و پەڕلەمان بگەڕێننەوە و دەستورێکی نوێ دابڕێژن کە سەروەری یاسا بپارێزێت.

لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئەردۆغاندا تورکیا هێزە سەربازییەکانی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەی ئەو ناوچانەشدا جوڵاندووە و چوار جار مانۆڕی سەربازی لە سوریا ئەنجامداوە و هێرشی کردووەتە سەر چەکدارە کوردەکان لە هەرێمی کوردستان و هاوکاری سەربازی پێشکەشی لیبیا و ئازەربایجان کردووە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، تورکیا زنجیرەیەک چاوپێکەوتن و کۆبونەوەی دیبلۆماسی لەگەڵ هەریەکە لە سعودیە و ئیمارات و ئیسرائیل ئەنجامداوە، سەرەڕای ئەوەی لە ناوچە ئاویە سنوورییەکانییەووە لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست رووبەڕووی یۆنان و نیوەدورگەی قوبرس بووەتەوە ئەمەش بەر لەوەی سیاسەتەکانی بگۆڕێت و بەدوای نزیکبوونەوە لەگەڵ هەندێک لە رکابەرەکانیدا بگەڕێت.

باس لەوەشدەکرێت، کڕینی سیستمی بەرگری لە روسیا بووە هۆی ئەوەی ئەمریکا سزا بەسەر پیشەسازی چەکی تورکیادا بسەپێنێت، و نزیکی لە ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆکی روسیاوە ئەندامێتی لە ئاژانسی ناتۆدا خستە ژێر پرسیارەوە.

لەهەمانکاتدا نارەزایەتییەکانی ئەنقەرە سەبارەت بە داواکاری بوون بە ئەندامی سوید و فینلاند لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا گرژی لێکەوتەوە، رۆیتەرز ئاماژەی بەوەشکردووە تورکیا رۆڵێکی ئەرێنی لە رێککەوتنی نێوان ئۆکرانیا و روسیا بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵە و کۆتاییهێنان بەجەنگی نێوانیان بینیووە.

چی ئەگەر ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکان دۆڕا؟

ئەگەر ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکاندا دۆڕا، روون نییە کە ئایا ئەو کەسەی جێگەی دەگرێتەوە دەتوانێت هەمان ئەو رۆڵە بگێڕێت کە ئێستا لەسەر شانۆی جیهانی دەیگێڕێت - خاڵێک کە پێدەچێت ئەردۆغان لەسەر رێڕەوی بانگەشەی هەڵبژاردن جەختی لەسەر بکاتەوە.

لەسەردەمی ئەردۆغاندا ئابوری تورکیا گەشەی کردووە، بەڵام لە١٠ساڵی رابردوودا بەروونی پاشەکشەی ئابوری لەبواری ئاوەدانی بەخۆیەوە بینی و ئەوەش دەنگدەرانی لێکشاندووەتەوە.

هەتا ئێستا پارتی دادو گەشەپێدانی ئیسلامی کە لەدەسەڵاتدایە بەهێزترین لایەنی دەسەڵاتە و پێدەچێت وەک هێزێکی سەرەکی لە پەرلەماندا بمێنێتەوە، بەڵام راپرسییەکان دەریدەخەن کە ئەردۆغان لە دوای هەندێک کاندیدی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنەوەیە بۆپۆستی سەرۆککۆمار.

ئەردۆغان هەستی بەوەکردووە بەرزی ئاستی گوزەران مەترسی لەسەر ئاسۆی دووبارە هەڵبژاردنەوەی دروست دەکات، بۆیە بڕیاریدا موچە بۆ دووهێندە بەرزبکاتەوە لەگەڵ راگەیاندنی پاکێجێک کە رێگە بە زیاتر لە دوو ملیۆن کرێکاردەدات زوو خانەنشین ببن.

گەڕانەوەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن

دوو پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن - پارتی گەلی کۆماریخواز و ئی پارت لەگەڵ چوار پارتی بچووکتردا رێکخستووە و هاوپەیمانێتییەکیان دروستکردووە، ئەم حزبانە بڕیاریانداوە جارێکی دیکە سەربەخۆیی بۆ بانکی ناوەندی بگەڕێننەوە و پێچەوانەی سیاسەتی ئابوری ئەردۆغان کاربکەن، و بڕیاریانداوە ئاوارە سورییەکان بگەڕێننەوە بۆ وڵاتی خۆیان.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەردۆغان پشتگیری لە هەوڵە شکستخواردووەکان کرد بۆ رووخاندنی بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سوریا، هاوکات تورکیا میوانداری زیاتر لە سێ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار پەنابەری سووری دەکات، کە لە چوارچێوەی سەختی ئابوری تورکیا تا دێت سەختی گوزەران و ژیان زیاتر تەنگیان پێهەڵدەچنێت.

هاوکات، هاوپەیمانی شەش قۆڵی هەوڵدەدات بەرنامەیەکی یەکگرتوو دابڕێژێت، بەڵام تا ئێستا لەسەر کاندیدێکی دیاریکراو رێکنەکەوتووە بۆ ئەوەی بۆ بەدەستهێنانی کورسی سەرۆکایەتی رکابەری ئەردۆغان بکات.

ئایا رکابەر و کێبەڕکێکاری هاوئاستی ئەردۆغان هەیە؟

سەبارەت بە دیاریکردنی کاندیدێک کە بتوانێت کێبەڕکێی ئەردۆغان بکات ئەوە خراوەتەڕوو، کەمال قلجدار، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری بە کاندیدێکی لاواز لە کێبەڕکێی ئەردۆغاندا دادەنرێت.

رکابەرێکی دیکە کە سەرۆکی شارەوانی پارتی گەلی کۆماری لە ئەستەمبوڵ لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی رابردوودا بەهۆی سوکایەتیکردن بە بەرپرسانی هەڵبژاردنەکانەوە سزای زیندانیکردن و دوورخستنەوەی لەکاری سیاسیدا بەسەردا سەپێنرا.

هاوکات دادگای باڵای تورکیا تاوتوێی دۆسیەی قەدەغەکردنی سێیەمین بەهێزترین پارتی پەرلەمانی دەکات، کە پارتی دیموکراتی گەلانە (هەدەپە) و داخستن و بلۆککردنی بەشێک لە هەژمارەکانیان دەکات.

ئەمەش لەکاتێکدایە سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە سەرۆک کۆمار زیندانیکراوە.

باس لەوەشدەکرێت رەنگە لەکاتی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان نەتوانن بەئاسانی پەیامەکانیان بگەیەنن، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠١٨دا، پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان زۆر بەزەحمەت کاتیان لە کەناڵە تەلەفزیۆنیەکانی تورکیا دەستدەکەوت کە بەشێوەیەکی گشتی پاڵپشتی ئەردۆغان دەکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رەنگە رێککەوتنی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لەسەر دیاریکردنی کەسێک بۆپۆستی سەرۆککۆمار خاڵێێکی بەهێز و یەکلاییکەرەوەبێ لە گرتنەدەستی پۆستەکە و سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکەدا، لەکاتێکدا دیاریکردنی هۆکاری هەڵئاوسان کاریگەرییەکی گەورەتی دەبێت.

ئەردۆغان ئەگەری کۆبوونەوەی لوتکەی لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا وروژاند، کە پێدەچێت هەنگاوی یەکەمی گفتوگۆکان سەبارەت بە ئایندەی پەنابەران بێت.

هاوکات، ئەنقەرە چەند مانگێکە هۆشداری دەدات کە خۆی بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی نوێ بۆ سەر باکوری سوریا ئامادە دەکات و یەکینەکانی پاراستنی گەل و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دەکاتە ئامانج ئەمەش رەنگە چانسی سەرکەوتنی ئەردۆغان لەهەڵبژاردنەکاندا باشتر بکات، بەهۆی دەنگۆی گەڕانەوەی ئاوارە سورییەکانەوە.













گەلەری