سەردێڕ:

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ: شارە کوردییەکان و ناوچەکانی بلوجستان زۆرترین خۆپیشاندەری لێ کوژراوە و دەستگیر کراون

PM:11:18:21/12/2022

3160 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی داتاکانى رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، شارە کوردییەکان و ناوچەکانی بلوجستان، زۆرترین ئەو ناوچانەن خۆپیشاندەری لێکوژراوە و خۆپیشاندانی فراوان تیایدا ئەنجامدراوە و زۆرترین خۆپیشاندەریش تیایدا دەستگیرکراوە.


نزیکەى ١٠٠ رۆژە خۆپیشاندەرانى ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامن لە وتنەوەى دروشمى ژن ژیان ئازادى.

لە ئێستادا لە ١٦١ شاری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خۆپیشاندان بەردەوامە، لەو ماوەیەدا خۆپیشاندەران زیاتر لە ١٢ هەزار جار رژاونەتە سەر لە شەقام و زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن.

شەوی رابردووش، خۆپیشاندەرانى تارانی پایتەخت و شارەکانى کەرەج و سنە بە وتنەوەى دروشمی جیاواز، بەشێک لە شەقامە سەرەکییەکانى شارەکانیان داخست.

هەر بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە، ماوەی چەند رۆژێکە هێڵەکانی ئینتەرنێت لە شارى سنە بڕاوە و بەپێی داتاکانى رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش شارە کوردییەکان و ناوچەکانی بلوجستان، زۆرترین ئەو ناوچانەن خۆپیشاندەری لێکوژراوە و خۆپیشاندانی فراوان تیایدا ئەنجامدراوە و زۆرترین خۆپیشاندەریش تیایدا دەستگیرکراوە.

بەپێی ئامارەکانى ئاژانسی هراناى ئێرانى، ژمارەی کوژرانی خۆپیشاندەرانی ئێران گەیشتووەتە ٥٠٦ کەس و لەو ژمارەیەش ٦٦ کەسیان لە هێزە ئەمنییەکانن و بەشێکی دیکەشیان منداڵن، ئەوەش زیاتر خۆپیشاندەرانی هانداوە لە بەردەوامی ناڕەزایەتییەکانیان.

رێکخراوی هرانا ئەوەشی خستووەتەڕوو، ژمارەی خۆپیشاندەرە دەستگیرکراوەکان هەزارانی تێپەڕاندووە.

لەکاردانەوەی بەردەوامی خۆپیشاندانەکان و پێشێلکارییەکان بەرامبەریان، بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا لە دیموکراتەکان و کۆمارییەکان داوایان کردووە، سزاکانی سەر دەسەڵاتدارانی ئێران توندتر بکرێت و دەشڵێن، ڕێکاری نوێ دەگرنەبەر بۆ وەستاندنی دەسەڵاتدارانی ئێران لەو مامەڵەیە.

لەنوێترین لێدوانیشیدا لەسەر خۆپیشاندانەکان، ئیسماعیل قائانی بەرپرسی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران خۆپیشاندەرانی بە ئاژاوەگێڕ و نانەوەی پشێویی ناوبرد و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەشی لە ئەمریکا کرد.

٢٠ ئەم مانگەش لە پەراوێزی لوتکەی بەغدا نوێنەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند، پێویستە دەسەڵاتدارانی ئێران کۆتایی بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران بهێنن و سەرکۆنەی ئەو کردەوانە دەکەن.













گەلەری