سەردێڕ:

ئەو پیاوەی لە ئەستەنبوڵ شکستی بە ئەردۆغان هێنا، دادگا سزای زیندانیکردنی نزیکەی سێ ساڵی بەسەردا سەپاند

PM:10:39:15/12/2022

4328 جار خوێندراوەتەوە

ئەو پیاوەی لە ئەستەنبوڵ شکستی بە ئەردۆغان هێنا، دادگا سزای نزیکەی سێ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند، بەوەش رەنگە نەتوانێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی وڵاتەکە رکابەریی ئەردۆغان بکات.


ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆ، سیاسەتمەدار و سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ، بەناوبانگترین کەسایەتی سیاسییە وڵاتەکەیە و تاکە کەسە توانیویەتی رکابەریەکی سەختی ئەردۆغان بکات.

لەگەڵ دەستپێکردنی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی وڵاتەکە لە ساڵی ٢٠٢٣، ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆ، بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە ئەندامانی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە لەلایەن دادگای ئەو وڵاتەوە سزای دوو ساڵ و حەوت مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند.

چاودێران باس لەوە دەکەن، ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆ، لە دوای پەسەندکردنی سزاکەی لەلایەن دادگای باڵای تێهەڵچوونەوەی تورکیا، چیتر نەتوانێت کاری سیاسی بکات و خۆی کاندید بکات بۆ سەرۆکی تورکیا لە هەڵبژاردنی ساڵی داهاتوو و ببێتە رکابەری ئەردۆغان.

لەسەر سزاکەش پارێزەری ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆ، ڕایگەیاند، سزادانی سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبووڵ قبوڵکراو نییە و دەستوەردانێکی سیاسیە ئەوەش بۆ ئەوەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتوودا نەکات.

هاوکات ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆ ڕایگەیاند، بڕیارەکەی دادگا کاریگەری خراپ لەسەر دۆخی هاوڵاتیان دروستدەکات. وتیشی هیچ کەس ناتوانێت ئەو دەسەڵاتە لە کەسێک وەربگرێتەوە کە میللەت پێی بەخشیوە.

ئیمام ئۆغلۆ، سەرۆکی شارەوانی گەورەرین شاری تورکیایە کە ئیستەنبووڵە و سەربە پارتی گەلی کۆماری تورکیایە، ڕکابەریەکانی نێوان ئەردۆغان و ئیمام ئۆغلۆ، دەگەڕێتەوە بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆیەکانی ساڵی ٢٠١٩ کاتێک ئیمام ئۆغڵو توانی بەسەر ئەردۆغاندا سەربکەوێت، کە ٢٥ ساڵ سەرۆکی شارەوانی ئەو شارە بوو.

لە ئێستاشدا، ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆ، پۆستەکەی وەک سەرۆکی شارەوانی شارەکە دەمێنێتەوە، بەڵام لە دوای پەسەندکردنی بڕیارەکە قەدەغەی کاری سیاسی لێدەکرێت، بەوەش پیاوە بەهێزەکەی بەرامبەر ئەرۆغان نامێنێت.

شارەزایانیش ئاماژە بەوە دەکەن، ئەردۆغان ترسی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٣ هەیە و دەیەوێت ڕکابەرە سەرسەختەکانی لە خۆی دوربخاتەوە و بەردەوامی بدات بە دەسەڵاتەکانی.













گەلەری