سەردێڕ:

پنتاگۆن: دژایەتی خۆمان بۆ هێرشی تورکیا بۆ رۆژئاوای کوردستان بەو وڵاتە گەیاندووە

PM:04:14:01/12/2022

4504 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، دژایەتی توندی خۆیان بۆ ئەنجامدانی هێرشی زەمینی لەلایەن تورکیاوە بۆ رۆژئاوای کوردستان بە تورکیا رایگەیاندووە.


وەزارەتی بەرگری تورکیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا لە پەیوەندیەکی تەلەفونیدا لەگەڵ هاوتا تورکیەکەی داوای هێورکردنەوەی بارودۆخەکەی کردوە لە رۆژئاوای کوردستان.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لۆید ئۆستن دژایەتی تووندی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی بەرامبەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێی تورکیا لە سوریا دەربڕیووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٢٩ی ئەم مانگە، سکرتێری رۆژنامەوانی پێنتاگۆن رایگەیاند، لەشکرکێشی نوێی تورکیا بۆ سەر سوریا زیان بەو دەستکەوتانە دەگەیەنێت کە لە دژی داعش بەدەستهاتوون، کە هەسەدە لە بەدیهێنانیان رۆڵێکی سەرەکی بینی.

لەلایەکی دیکەوە، پێشتر، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی خۆئامادەکردنیان بۆ ئەگەری هێرشی تورکیا، ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی داعش وەستاندووە.

ئەم هێرشانەی تورکیا دوای تەقینەوەکەی ١٣ی ئەم مانگەی ئەستەمبوڵ دێت کە تیایدا شەش کەس گیانیان لەدەستدا و تورکیا یەپەگەی بە بکەری تەقینەوەکە تۆمەتبارکرد و هێرشەکەی وەک کاردانەوە راگەیاند، لە کاتێکدا هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئیدارەی خۆسەر رایانگەیاند، کە ئەو کەسەی بە تۆمەتی ئەنجامدانی تەقینەوەکە دەستگیرکراوە، سەر بە داعشە.













گەلەری