سەردێڕ:

فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران کوژرا

PM:08:00:18/11/2022

17884 جار خوێندراوەتەوە

دەزگای هەواڵگری سوپای پاسداران رایگەیاند، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سوپای پاسداران لە پارێزگای کرمانشا لە ئەنجامی هێرشی چەکدارانی نەناسراو کوژراوە.


ئەمڕۆ هەینی، دەزگای هەواڵگری سوپای پاسداران راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، نادر بیرامی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سوپای پاسداران لە پارێزگای کرمانشا کوژرا.

ئاماژەی بەوەشداوە، نادر بیرامی لە ئەنجامی هێرشی چەکدارانی نەناسراوەوە دەستڕێژی گوللـەی لێکراوە و کوژراوە.

دەشڵێت، لەناو هاوڵاتییاندا بەهۆی تەقەی چەکدارە نەناسراوەکانەوە بریندار هەیە.

هاوکات، رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگه‌یاند، هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ئێران له‌ شاری سەقز، هاوڵاتییەکیان بە ناوی "عەبدولڕەحمان بەختیاری" تەمەن ٦٦ ساڵان لە نزیک ماڵەکەی خۆی کوشتووه‌.

هەروەها، لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا منداڵێکی تەمەن نۆ ساڵان بە ناوی "کیان پیرفەلەکی" کوژرا و خانەوادەکەشی دەڵەن بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە.

شەوی رابردووش، لە شارۆچکەی خومەین لە ناوەڕاستی ئێران دژ بە ئێران خۆپیشاندان کرا و بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، خۆپێشاندەران ئاگریان لە ماڵە کۆنەکەی خومەینی بەرداوە کە چەندین ساڵە مۆزەخانەیەکی پارێزراوبوو.

هەروەها، لە بەشێك لە گەڕەکەکانی تارانی پایتەخت خۆپیشاندان کرا و لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان، سنە و چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندانی دژی دەسەڵاتدارانی ئێران کرا.

ئەمە لەکاتێکدایە، کۆمەڵەی چالاکوانانی مافی مرۆڤی ئێران رایگەیاند، تاوەکو پێنجشەممە، ١٧ی ١١ی ٢٠٢٢، ژمارەی ئەو خۆپیشاندەرانەی بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون بۆ ٣٨١ کەس بەرزبووەتەوە کە لەنێویاندا ٥٧ کەسی خوار تەمەن ١٨ ساڵ کوژراون.

رۆژی ١٣ی ٩ی ٢٠٢٢، پۆلیسی ئەخلاقی تاران بە پاساوی "پابەند نەبوون بە یاساکانی جلوبەرگی ئیسلامی" ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵی دەستگیر کرد، دوای دەستگیرکردنیشی رەوشی تەندروستی تێکچوو و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە، دواتر رۆژی ١٦ی ٩ی ٢٠٢٢ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

دوابەدوای بە خاکسپاردنی ژینا ئەمینی، لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و شارە گەورەکانی ئێران خۆپیشاندان دەستی پێکرد و گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان ‌یزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران دروستبوو، بەجۆرێک بە گوێرەی کۆتا ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران زیاتر لە ٣٠٤ خۆپیشاندەر کوژراون کە لەنێویاندا منداڵ و ژن هەن و بەسەدانی دیکەش دەستگیرکراون و تا ئێستاش خۆپیشاندانەکان بەردەوامیان هەیە.













گەلەری