سەردێڕ:

ئەمەریکا: نیگەرانین سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکردنی حکومەتی ئێران لەگەڵ خۆپیشاندەراندا

PM:08:31:15/11/2022

2772 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەمریکا نیگەرانە لە شێوازی مامەڵەی حکومەتی ئێران لەگەڵ خۆپیشاندەرانی وڵاتەکە و هەواڵی دەستگیرکردنی بە کۆمەڵ و دادگاییکردنی ساختە و سەپاندنی سزای مەرگ بەسەر خۆپیشاندەراندا. هاوکات، " ئەمڕۆ لە زۆربەی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دوكانداران و كاسبكاران بە داخستنی دوكان و بازاڕەكان مانیان گرت".


جەیک سۆلیڤان راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە دەبێت بەبێ سزا تێپەڕ نەبن.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەمەریکا لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانیدا لە سەرانسەری جیهان پێکەوە بەردەوام دەبن لە لێپێچینەوە لەو کەسانەی کە بەرپرسن لەو پێشێلکارییانە، ئەوەش لە رێی سزا و ئامڕازەکانی دیکەوە.

هاوکات، پێشوازی لە سزا نوێیەکانی یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا کرد دژی دەسەڵاتدارانی ئێران.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە پاڵ بەردەوامی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی ئێران کە لە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دەستیانپێکردوە، ئەمڕۆ لە سەرتاسەری شارەکانی رۆژهەڵات ماگرتنی سەرتاسەریی راگەیەندرا.

رۆژی ١٤ی ئەم مانگە بۆ یادكردنەوەی قوربانیانی خۆپیشاندانەكانی ساڵی ٢٠١٩ داوا كرا، ئەمساڵ لە سەرتاسەری ئێران چالاكی ناڕەزایەتی گەورە بەڕێوەبچێت و لە رێگەی چاپ و بڵاوكردنەوەی ڕاگەیەندراو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هاوڵاتییان ئاگادار كرانەوە.

لەو چوارچێوەیەشدا، ئەمڕۆ لە زۆربەی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەوانەش، سنە، مهاباد، بانە، مەریوان، سەقز، كامیاران، سەردەشت، دیواندەڕە، جوانڕۆ و چەندین شاری تر، دوكانداران و كاسبكاران بە داخستنی دوكان و بازاڕەكان مانیان گرت.













گەلەری