سەردێڕ:

سەرباری گرتنەبەری رێوشوینی ئەمنی توند، لە ئێران خۆپیشاندانەکان بەردەوامن

PM:07:37:04/11/2022

2948 جار خوێندراوەتەوە

دوای بانگەوازی بەردەوامیدان بە خۆپیشاندانەکان و درێژەدان بە ناڕەزایەتییەکان، هێزە ئەمنییەکان ئێران رێوشوێنی توندی ئەمنییان گرتووەتەبەر و هێزی پشتیوانیی زیاتریان بۆ ئەو شوێنانە نارد کە مەزەندە دەکرێت قەرەباڵغییەکەی زۆرتر تێدابێت.


بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاو کراوەتەوە، سەرەڕای ئەو رێوشوێنە ئەمنییە توندەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گرتوویانەتەبەر، خۆپیشاندەران چەندین چالاکی نارەزایەتییان لە ناوچەکانی نازیئاباد، گۆڕەپانی ئینقلاب، نارمەک، شاڕیی یادگاری ئیمامی باکوور، شاڕێی فیردەوسی، ئاریاشەهیر، تاهرانپارس، سەتار خان، شەقامی سەتار، سەعادەت ئاباد، شەقامی وەلیی عەسر، ئەکباتان و چەندین ناوچەی دیکەی تارانی پایتەخت رێکخست.

هەروەها، هەر بەگوێرەی گرتە ڤیدیۆییەکان لە ناوچەی نەفت پونەک لە تاران خۆپیشاندەران لە ناوەندی شەقامەکان ئاگریان کردەوە و دەستی یەکیان گرت و لە چواردەوەری ئاگرەکە درووشمان وتووەتەوە.

هاوکات، لە شاری فەسای سەربە پارێزگای فارس و شارەکانی قەزوێن، شیراز، کەرەج، رەشت، بەندەر ئەنزەلی، فولادشەهیر و ئیراک خۆپیشاندەران رژانە سەر شەقامەکان و درووشمیان لە دژی دەسەڵات وتووەتەوە و ناو بەناو پێکدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان درووست بووە.

شانبەشانی پارێزگاکانی دیکە، کاسبکار و دوکاندارانی پارێزگای کرماشان لە خۆرئاوای وڵاتەکە دوکانەکانیان داخست و پاڵپشتیی خۆپیشاندانەکانیان کرد.

لە شاری کەرەجی سەربە پارێزگای ئەلبورز، لە چلەی ماتەمینی حادیس نەجەفی کە یەکێکە لە تورکەکانی ئازەربایجانی ئێران، خۆپیشاندەران لە سەر گۆڕەکەی لە گۆرستانی ساکینە گردبوونەوە و دروشمی "بڕووخێ دیکتاتۆر"یان وتووەتەوە.

لەگەڵ گواستنەوەی خۆپیشاندانەکان بۆسەر شەقامەکانی شارەکە پێکدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان روویدا.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ١٣ی ئەیلول، ژینا ئەمینی بە پاساوی "پابەند نەبوون بە یاساکانی جلوبەرگی ئیسلامی" لەلایەن پۆلیسی ئاکاری تارانەوە دەستبەسەر کرا، دوای دەستبەسەر کردنیشی بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە گەیەندرایە نەخۆشخانە و رۆژی ١٦ی ئەیلول لە نەخۆشخانە کۆچی دوایی کرد کە ئەمەش لە ئێران کاردانەوەی توندی بەدوای خویدا هێنا و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە رۆژهەڵای کوردستان و بەشێک لە شارە گەورەکانی ئێران دەستی پێکرد و تا ئێستاش خۆپیشاندانەکان بۆ زۆربەی ناوچەکانی ئێران پەلیان کێشاوە و لە زۆربەی خۆپیشاندانەکانیشدا پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەراندا دروست بووە.













گەلەری