سەردێڕ:

گەندەڵییەکی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاشکرا دەکرێت

PM:08:29:11/08/2022

1604 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، وەزیری تەندروستی عێراق ئامێری هەنساەدانی دەستکردی "CPAP"ی بە ٢٤ دۆلار کڕیووە لەکاتێکدا لەبازاڕەکانی جیهاندا بە سێ دۆلارە. دەشڵێت، "بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلار بەهای کڕینی ئامێرەکانە و بەوپێیەش بێت عێراق ئەم ئامێرەی بۆ ١٠٠ ساڵی دیکەش کڕیوە".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، باسم خەشاب ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە میدیا ناوخۆییەکانی عێراقی راگەیاند، وەزیری تەندروستی عێراق لە گرێبەستێکدا ئامێری هەناسەدانی دەستکردی "CPAP"ی کڕیوە و بەگوێرەی گرێبەستەکە هەر ئامێرێک بە ٢٤ دۆلار کڕدراوە.

دەشڵێت، نرخی یەک ئامێر لە بازاڕەکانی جیهاندا تەنها سێ دۆلارە، بەمەش وەزیری تەندروستی بە بەهای ١٠٠ ملیۆن دۆلار ئامێری کڕیووە.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ئەو بڕەی بەسەر نەخۆشخانەکاندا دابەشکراوە بەشی ١٠٠ ساڵی داهاتوو دەکات، بەجۆرێک فەرمانگەی تەندروستی پارێزگای موسەننا ١٧٥ هەزار ئامێری پێدراوە کە بە بەهای شەش ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار کڕدراوە لەکاتێکدا ئەو فەرمانگەیە ٣٠٠ ئامێری بەسە.

باسم خەشاب ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە داواکاری گشتی سکاڵا لەسەر ئەو گرێبەستە تۆمارکراوە و ئەو ژمارانەشی تێدایە کە لە بەڵگەنامەکاندا هاتووە بەمەبەستی ئەوەی بە تۆمەتی گەندەڵی و دزینی پارە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

دەشڵێت، ئەمە لەکاتێکدایە، نەخۆشخانەکانی عێراق گرفتی دەرمان و پێداویستی دیکەی پزیشکییان هەیە، کەچی ئەم بڕە زۆرە لەو ئامێرە کڕدراوە.

هەر ئەمڕۆ، دەستەی دەستپاکی عێراقلە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە ئەنجامی کارەکان و چالاکیەکانی دەستەکە دا و رایگەیاند، "ژمارەی تۆمەتبارانی دۆسیەکانی گەندەڵی لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵ گەیشتووەتە هەزار و ٧٥٤ تۆمەتبار."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لێکۆڵینەوەکان کاربەدەستانی ئاڕاستە کردووە بە دەرکردنی ٧٣١ فەرمانی دەستگیرکردن، کە ٣٩٦ فەرمانی جێبەجێ کراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ناو فەرمانەکاندا هەشت وەزیر و ٥٣ خاوەن پلەی تایبەتی و دوو بەرێوەبەری گشتی و پلەداری هاوشیێوەی ئەوانەیان تێدایە.













گەلەری