سەردێڕ:

بەڕیتانیا رێگرییەکان لە کۆچکردن بۆ وڵاتەکەی زیاد دەکات

PM:11:47:05/07/2022

5008 جار خوێندراوەتەوە

زۆری قوربانییەکانی رێگای کۆچ، بووەتە زەنگێک بۆ وڵاتانی جیهان، لەگەڵ بەردەوامی لێشاوی کۆچبەران، سنوری وڵاتان دادەخرێن و رێکارەکان تووندتر دەکرێن.


لە ئەمساڵدا ١١ هەزار کۆچبەر سنوری بەریتانیایان بەزاندووە و داوای پەنابەرییان كردووە، تەنها لە رۆژانی پشووی ئەم هەفتەیەدا زیاتر لە ۳٠٠ کۆچبەر بە چوپ و بەلەم کە مەترسیدارترین رێگایە خۆیان گەیاندووەتە ئەم وڵاتە.

بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کۆچبەران لە ئێستادا بە پێی پلانێک حکومەت لەرێی جی پی ئێسەوە بە شێوازی ئۆنلاین چاودێریی کۆچبەران دەکات، لەلایەکی ترەوە هێزی پاسەوانی کەناراوەکانی بەریتانیا لەمەودوا رێگە نادەن تیمی رزگارکەری دەریایی بە کەشتییەکانیان کۆچبەران لەمردن رزگار بکەن.

بەپێی یاسا نوێیەکانی حکومەتی بەریتانیا، سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر قاچاخچی و کاپتنی بەلەمە بچوکەکاندا دەسەپێنرێت، سزای چوونە ناو وڵات بە نایاسایی زیاتر دەبێت، تاوانبارە مەترسیدارەکان دەگەڕێنرێنەوە وڵاتەکانیان، دەسەڵاتی زیاتر درا بە ئەفسەرانی تایبەت بە کۆچبەران بۆ گەڕان بەدوای کۆچبەرانی نایاساییدا.

هاوکات لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی، لە ئۆپراسیۆنێکدا کە لە نیوان پێنج وڵاتی ئەوروپیدا ئەنجامدرا، تۆڕێکی قاچاخچییان دەستگیرکرد، کە کاریان بۆ پەرینەوەی کۆچبەران بە چوپەبەلەم کردووە بۆ بەریتانیا.

تا دێت چیرۆکە مەترسیدارەکانی خنکانی کۆچبەران زیاتر دەبن و یاساکانی وڵاتانیش لە دژی کۆچی نایاسایی زیاتر دەبن، دەزگای کۆچی بەریتانیاش دەڵێت لەناو مامەڵە و دۆسیە و فایلی کۆچبەراندا نوقوم بوون، بۆیە داوای رێکاری زیاتر دەکەن بۆ رووبەڕوونەوەی کۆچبەران.

هاوکات، بەمەبەستی دەستگیرکردنی قاچاخچیەکانی نۆکەندی ئینگلیز لەفەرەنسا، بەلجیکا، هۆڵەندا، بەریتانیا و ئەڵمانیا ئەمڕۆ ئۆپڕاسیۆنێکی گەورەی ھاوبەش ئەنجامدرا کە گەورەترینیان لەشاری ئۆسنابروکی ئەڵمانیا بوو کە نزیکەی ٩٠٠ پۆلیس و دەزگای ئەمنی بەژداریان تێدا کرد .

بەپێی زانیاریەکانی پۆلیسی ئۆسنابروکێ نزیکەی ١٨ تۆمەتباربە کاری قاچاخچیەتی دەستگیرکراون لە ٣٦ شوێندا لە چوار ھەرێمی جیاواز و دەستیش گیراوە بەسەر چوپە بەلەم و کەرەستەی تری قاچاخی.













گەلەری