سەردێڕ:

وادەی ناردنی یەکەم کاروانی کۆچبەرانی نایاسایی بەریتانیا بۆ رواندا ئاشکرا کرا

PM:10:56:31/05/2022

38836 جار خوێندراوەتەوە

ئۆفیسی نیشتیمانیی بەریتانیا کە تایبەتە بە کاروباری ئاساییش و کۆچبەرانی بەریتانیا رایگەیاند، بڕیاروایە یەکەمین کاروانی ناردنی پەنابەرانی نایاسایی بەریتانیا بۆ رواندا لە ١٤ی حوزەیرانی ئەمساڵ دەستپێبکات.


ئۆفیسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیاروایە لە ماوەی دوو هەفتەدا یەکەمین فڕۆکەی کاروانی کۆچبەرانی نایاسایی بەریتانیا بۆ رواندا گەشت بکات و ئاماژەی بەوەش کردووە کاردەکەن تا بەتەواوی دڵنیا ببنەوە لەوەی پەنابەران پاڵپشتی تەواو دەکرێن پێش بەڕێکەوتنیان.

هاوکات، بڕیارەکە ناڕەزایی سیاستمەداران و رێکخراوە خێرخوازیی و بە تایبەت سەرۆکی قەشەکانی کانتەربێری لێکەوتووەتەوەئەم کردارەیان بە "پێچەوانەی سروشتی خودا" ناوبردووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لەژێر ناوی پڕۆگرامێکی پێنج ساڵییدا، هەندێک لەو کۆچبەرە نایاساییانەی کە گەیشتوونەتە بەریتانیا، دەنێردرێن بۆ رواندا و لەوێ شوێنی مانەوە و پاڵپشتی تەواویان بۆ دابین دەکرێت بۆ ماوەی پێنج ساڵ و ئەگەر سەرکەوتوو بوون لەم پرۆسەیەدا، دەتوانن ماوەی مانەوەیان لە رواندا لەو ماوەیە زیاتر درێژبکەنەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم پرۆگرامە زیاتر ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە سەڵتن و لە یەکی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە چوونەتە بەریتانیا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ١٤ی ئەم مانگە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، ٥٠ کۆچبەری نایاسایی وڵاتەکەی ئاگادارکراونەتەوە لەبارەی ناردنیان بۆ رواندا.













گەلەری