AM:10:43:31/05/2022
2536 جار خوێندراوەتەوە
ناوەندی بومەلەرزەزانی زانکۆی تاران رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە سێ بومەلەرزە لە رۆژهەڵاتی کەلار و گەرمیان روویانداوە و بەهێزترینیان گوڕەکەی ٣.٦ پلەی رێختەر و لاوازترینیان ٢.٦ پلەی رێختەر بووە.
سیروان سالح شارەزای کەشناسی ئاماژەی بەوەکردووە، بومەلەرزەی یەکەم کاتژمێر ١:٣٩ خولەکی بەرەبەیان روویداوە لە قەسرشیرینی رۆژهەڵاتی گەرمیان ٣.٦ پلە بە پێوەری رێختەر و لە قوڵایی ١٢ کیلۆمەتر و دوری ٣٩ کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری کەلار.
هاوکات، بومەلەرزەی دووەم لە قەسری شیرین بەگوڕی ٢.٦ پلە بە پێوەری رێختەر
و لە قوڵایی ١٠ کیلۆمەتر و لە دووری ٣٦ کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری کەلار بووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بومەلەرزەی سێیەمیش کە بەهێزترینیان بووە بەگوڕی ٣.٩
پلە بە پێوەری رێختەر لە گوندی سەرقزڵی سەربە قۆرەتوو لە قوڵایی هەشت کیلۆمەتر لە ژێر زەوی و لە دووری ٣٤ کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری کەلاردا
روویداوە.
باسی لەوەشکردووە، هۆکاری ئەم ئەم بومەلەرزانە لە ئەنجامی جوڵە و فشاری هەردوو
پلێتی فارسی و عەرەبییە بۆسەر یەکترو فشارەکانیش تا ئێستا بەردەوامن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لەماوەی ٤٨ کاتژمێری رابردوودا پێنج جار بومەلەرزە لە ناوچەکانی گەرمیان روویانداوە.
بومەلەرزە؛ رووداوێکی سروشتییە، بەھۆی جوڵانی پلێتەکانی ژێر زەوییەوە
دروستدەبێت و لەسەر ئاستی جیھان چەند چرکەیەک جارێک بومەلەرزە روودەدات، بەڵام
ژمارەیەکی زۆر کەمیان ئەوەندە بەھێزن کە ھەستیان پێبکرێت.
ل.ل