سەردێڕ:

هاوڵاتییەکی عێراقی دانینا بە فێڵکردنی لە خەڵک لەبارەی بەرنامەی کۆچکردن بۆ ئەمریکا

PM:11:44:27/01/2022

7652 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاند، هاوڵاتی عێراقی لەبەردەم دادگادا دانیناوە بەوەی لە بارەی بەرنامەی کۆچکردن بۆ ئەمریکا فێڵی لە خەڵک کردووە و پلانیشی بۆ داناوە.


وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاند، عەبدولجەبار کە هاوڵاتییەکی عێراقییە و تەمەنی ٤٣ ساڵە لەبەردەم رۆدۆڵف کونتریرایس دادوەری دادگای کەتنی ناوچەی کۆڵۆمبیا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، لە ئێستادا دەستبەسەرە و لەچاوەڕوانی ئەوەدایە لە رێکەوتی ٢٤ی حوزەیرانی ئەمساڵدا دادگا بڕیاری کۆتایی لە بارەی دۆسییکەوە بدات.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دادی ئەمریکا عەبدولجەبار یەکێکە لەو سێ کەسەی لەسەر هەمان دۆسییە دەستگیرکراون کە ئەوانیش،  هەیسەم عیسا تەمەن ٤٣ ساڵ و ئۆلیسیا لیۆندۆفنا کراسیلۆفای تەمەن ٤٤ ساڵە.

راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دادی ئەمریکا ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەر سێ تۆمەتبارەکە بە تۆمەتی پلاندان و فێڵکردن لەخەڵک لە بەرنامەی قبوڵکردنی داواکاری کۆچکردن بۆ ئەمریکا و بەتایبەتی بەرنامەی کۆچکردنی هاوڵاتییانی عێراقی "ئەلعیراق P-2" دەستگیرکراون.

بەرنامەکە رێگەدەدات بە هاوڵاتییانی عێراقی بەشێوەیەکی راستەوخۆ داوای مانەوە لە ئەمریکا بکەن.

بەگوێرەی لیستی تۆمەتەکان، عەبدولجەبار دانی بەوەداناوە، لەگەڵ ئەو کەسەی دیکەدا لە شوباتی ساڵی ٢٠١٦ تا مانگی نیسانی ٢٠١٩  هەوڵیانداوە تۆماری ئەو کەسانە لە حکومەتی ئەمریکی بدزن و فێڵی تێدابکەن.

هەیسەم عیسا لە عەمانی پایتەختی ئوردون لە فەرمانگەی رەگەزنامە و کۆچی ئەمریکا کاری کردووە لە ساڵانی نێوان ٢٠٠٧ بۆ ٢٠١٦ و  ئۆلیسیا لیۆندۆفنا کراسیلۆفا لە هەمان فەرمانگە لە مۆسکۆی پایتەختی روسیا کاری کردووە، بە سروشتی کارەکەیان مافی ئەوەیان هەبووە کۆی زانیاری ئەوکەسانەببینن کە داواکارییان پێشکەشی فەرمانگەکە کردووە، بۆ ئەم کارەش عەبدولجەبار پارەی داوە بەو دوو فەرمانبەرە و ئەوانیش لەبەرامبەردا زانیاری پێشکەشکارانییان پێداوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دادی ئەمریکا، عەبدولجەبار سودی لە زانیارییەکان وەرگرتووە و  بەفێڵ پێی راگەیاندوون ئەتوانت لە رایکردنی مامەڵەکانیان هاوکارییان بکات تا بتوانن مافی پەنابەرێتیان لە ئەمریکا بۆ مسۆگەربکات.

ئەمەلەکاتێکدایە، لە مانگی کانونی دووەمی ٢٠٢١  ئاژانسی بولمبێرگی ئەمریکی بڵاویکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دوای ئەوەی بۆی دەرکەوتووە دزەکراوەتە ناو بەرنامەکە و بەشێک لە زانیاری پێشکەشکاران دزەی پێکراوە بەشێوەیەکی کاتی و بۆ ماوەی ٩٠ رۆژ کارکردن بە بەرنامەکەی راگرت. ئاماژەی بەوەشدابوو، سێ تاوانبار  دزەیانکردووەتە ناو داتابەیسی زانیارییەکان و نزیکەی هەزار و ٥٠٠ دۆسییە دزەی پێکراوە کە مامەڵەی هاوڵاتییانی عێراقی بوون و داوای پەنابەرێتییان پێشکەش کردووە.

لەساڵی ٢٠٠٨ەوە بەرنامەی رێپێدانی هاوڵاتییانی عێراقی بۆ چوونە ناو ئەمریکا دامەزرا بۆ ئەو هاوڵاتییە عێراقییانەی لەگەڵ دامەزراوە سەربازی و راگەیاندنەکانی ئەمریکا لە ماوەی جەنگی عێراقدا کارییان کردووە مافی ئەوەیان هەبووە داوای پەنابەرێتی و مانەوە لە ئەمریکا بکەن.













گەلەری