سەردێڕ:

٢٠ زیندانی بۆ هەڵهاتن تونێلێکیان دروست کردووە و تونێلەکە بردوونی بۆ خولی راهێنانی پۆلیس

PM:10:01:25/04/2024

3832 جار خوێندراوەتەوە

بە مەبەستی هەڵهاتنیان لە زیندان، لە شارێکی ڤەنزوێلا کۆمەڵێک زیندانی کە ژمارەیان ٢٠ کەس بوون هەستان بە کونکردنی دیواری ژوورەکەیان و دروستکردنی تونێلێکی دەرچوون لەو ژوورەی تێیدا زیندانی کرابوون، بەڵام لەدوای گەیشتنیان بە کۆتایی تونێلەکە خۆیان لە خولی راهێنانی بارەگای پۆلیس بینییەوە و دووبارە دەستگیر کران.


رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا چەند پۆلیسێک یارمەتی ژمارەیەک زیندانی دەدەن لە تونێلێکی دەستکردەوە لە زیندانێکی شاری ماراکایبۆ لە ڤەنزوێلا بێنە دەرەوە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو زیندانیانە کە ژمارەیان ٢٠ زیندانی بوون، هەوڵیان داوە دیواری ئەو ژوورەی تێیدا زیندانی کراون کون بکەن و رێڕەوێکی هاوشێوەی تونێل دروست بکەن بۆ هەڵهاتنیان لە زیندانەکە، بەڵام لەدوای گەیشتنیان بە کۆتایی تونێلەکە درکیان بە هەڵەکەیان کرد کاتێک خۆیان لە خولی راهێنانی بارەگای پۆلیس بینییەوە.

سەبارەت بە دۆخی زیندانییەکان، تیمەکانی پۆلیس پشتڕاستیان کردەوە کە هەموو شتێک لەژێر کۆنتڕۆڵدایە و سەرجەم زیندانییەکان دووبارە دەستگیر کراونەتەوە بەڵام سێ کەسیان بەهۆی تێپەڕبوونیان بە تونێلە دەستکردەکەدا بریندار بوون و لەلایەن تیمەکانی فریاگوزارییەوە چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.

هاوکات، گوستاڤۆ باسابێ کۆمیساری سەرۆکی پۆلیس ئاماژەی بەوە کرد، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن تاوەکو لە داهاتوودا شتی لەو جۆرە لە زیندانەکەدا دووبارە نەبێتەوە.

















گەلەری