سەردێڕ:

لە سەرەتای دەستپێکردنی هەڵمەتەکەوە؛ زیاتر لە پێنج ملیۆن منداڵ کوتانی دژی سورێژەیان بۆ کراوە

PM:07:28:23/04/2024

892 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی هەڵمەتی کوتانی منداڵانەوە دژی سورێژە بە پێکوتەی دژەڤایرۆسی سورێژەی تێکەڵاو لە ١٦ـی نیسان، تاوەکو ئێستا زیاتر لە پێنج ملیۆن منداڵ کوتانیان بۆ کراوە.


ئەمڕۆ سێشەممە، سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، هەڵمەتی کوتان دژی سورێژە لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق و هەرێم بەردەوامە و تا ئێستا پێنج ملیۆن و ٤٠٠ هەزار منداڵ کوتانیان بۆ کراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەڵمەتەکە کە لە ١٦ـی نیسان دەستی پێکرد، تا پێنجشەممەی داهاتوو ٢٥ـی نیسان بەردەوام دەبێت.

هاوکات، ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستی عێراق باسی لەوە کرد، داوایان لە سەرجەم خێزانەکان کردووە کە هاوکاریان بن لە جێبەجێکردن هەڵمەتەکەدا بەوپێیەی پێکوتەکە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە پەسەند کراوە و جێی متمانەیە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ١٦ـی نیسان هەڵمەتی کوتان دژی نەخۆشی سورێژە بە پێکوتەی دژەڤایرۆسی سورێژەی تێکەڵاو لەناو باخچەکانی ساوایان و قوتابخاە سەرەتاییەکاندا لە تەواوی عێراق و هەرێم دەستی پێکرد، بڕیاریشە حەوت ملیۆن منداڵ کوتانیان بۆ بکرێت.

نەخۆشی سورێژە نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی گواستراوەیە و هەندێک جار کوشندەیە، ساڵی رابردوو لە هەرێم ٢٣ حاڵەتی نەخۆشیەکە تۆمارکراوە.













گەلەری