سەردێڕ:

سامانە سروشتییەکانی هەرێم: هیچ پاساوێک نییە بۆ هەناردەنەکردنەوەی نەوتی هەرێم

PM:05:28:23/04/2024

680 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، هیچ پاساوێک نیە بۆ هەناردەنەکردنەوەی نەوتی هەرێم، دەشڵێت. "هانی حکومەتی فیدراڵی دەدەین بۆ ئاسانکردنی هەناردەکردنەوەی نەوت".


ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردوە، هانی حکومەتی عێراق دەدەن بۆ ئاسانکردنی هەناردەی نەوت و پابەندبوون بە مەرجەکانی رێککەوتنەکەی مانگی یەکی ئەمساڵ.

باس لەوەش کراوە، هەناردەکردنی نەوت بۆ خۆشگوزەرانی هەموو گەلی عێراقە، هاوکات بۆ ئاشتی و ئاسایشی وزەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش گرنگە.

هاوکات، کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان "ئەپیکۆر" بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تا ئەو کاتەی حکومەتی عێراق و هەرێم بەتەواوی دەگەنە رێککەوتن لەسەر داهاتی نەوت، کۆمپانیاکانی ئەندام لە کۆمەڵەکە ئامادەن بەو مەرجانەی لە ئێستادا بەردەستن دەست بکەنەوە بە هەناردەی نەوتی هەرێم.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێش سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق باس لە پرسی نەوتی هەرێم دەکرا، بەڵام لە نێو سەرجەم خاڵی رێککەوتنەکەی نێوان تورکیا و عێراقدا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم باس نەکرا .

لە ٢٥ـی ئازاری ساڵی رابردوو، بە بڕیاری ژووری ناوبژیوانی دادگای نێودەوڵەتی پاریس، هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیرا و تا ئێستا دەستی پێ نەکردووەتەوە.













گەلەری