سەردێڕ:

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی دارایی عێراق و بانکەکانی رەشید و رافیدەین لەبارەی تەوتینی مووچەوە

PM:04:08:22/04/2024

34660 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی ئەو نوسراوانەی دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، لە کۆبوونەوەی وەزارەتی دارایی عێراق و بانکەکانی رەشید و رافیدەین لە رۆژی ٢٦ـی دووی ٢٠٢٤، چەندین پێشنیار بۆ تەوتینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خراوەتە روو، کە گرنگترینیان دابەشکردنی وەزارەت و فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستانە بەسەر بانکەکانی رەشید و رافیدەین بۆ ئاسانکاری وەرگرتنی مووچەی فەرمانبەران.


بە گوێرەی نوسراوەکانی دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەر و خانەنیشنان و فەرمانبەرانی گرێبەست لە بانکەکانی رەشید و رافیدەین بۆ دڵنیایی دان لە جێگیرکردنی مافەکانیان یەکێکی دیکەیە لە پێشنیارەکان.

هاوکات، پشتبەستن بە هەمان ئەو رێوشوێنانەی بۆ مووچەی مووچەخۆرانی عێراق کراوە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمیش جێبەجێبکرێت، لە خاڵێکی تریشدا ئاماژە بەوەکراوە، دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی هەڵدەستێت بە وردبینیکردنی زانیاریەکانی مووچەی مووچەخۆران بۆ دڵنیایی دان لە خەرج نەکردنی زیاتر لە مووچەکانیان.

هاوکات ئێن ئاڕ تی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی دووەمی وەزارەتی دارایی عێراق و بانکەکانی رەشید و رافیدەین دەستکەوتووە کە لە ١٧ـی مانگی سێی ئەمساڵ بەڕێوەچوو، تێیدا چەندین خاڵی تر خرایە روو گرنگترینیان داواکاری ناردنی ناوی چواری مووچەخۆرانی هەرێم و کار و شوێنی مانەوەیان لە هەرێمی کوردستان، هاوکات هاوکاریکردن و ئاسانکاریی کردن بۆ ئەو دوو بانکە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بۆ ئەوەی تەوتینکردنەکە بەشێوەیەکی خێراتر تەواو بکرێت.

بەپێی ئەو نوسراوەی دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، دوای ئەو کۆبوونەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق لەگەڵ بانکی رەشید و رافیدەین، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق نوسراوی ئاڕاستەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم کردووە و تێیدا داوای کردووە سەرجەم زانیارییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمیان بۆ بنێرن، بەڵام تا ئێستا دەسەڵاتدارانی هەرێم وەڵامی نەداونەتەوە.

هاوکات، داواکەی تەیف سامی و پەسەندکردنی لەلایەن سودانییەوە هەمان ئەو پڕۆژەیەی نەوەی نوێیە کە داوای کردبوو مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە رێگەی بانکە فیدراڵییەکانی وەک رەشید و رافیدەین و تی بی ئایەوە دابەش بکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە پێشتردا نەوەی نوێ لە رێگەی کۆکردنەوەی ١١٩ واژۆی پەرلەمانتاران داوای لە سودانی کرد کە مووچەخۆرانی هەرێم لە رێگەی بانکە فیدراڵییەکانەوە مووچەیان پێبدرێت و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش داواکەیانی پەسەند کرد.













گەلەری