بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، گەنجێکی خەڵکی چوارقوڕنە و دانیشتووی بەریتانیا، بە مەبەستی بینینەوەی خێزانەکەی لە بەریتانیاوە گەڕایەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام لە رووبارێکی سنووری نێوان عێراق و ئێران لە نزیک گوندی شێنێ خنکاوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، کەسێکی نزیکی ئەو گەنجە بەناوی (ج.ق) بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی کەیسەکەیەوە لە بەریتانیا نەیتوانیوە راستەوخۆ بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان و ویستویەتی لە ئێرانەوە بگەڕێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ بینینەوەی خێزانەکەی لە سنووری ئێرانەوە بە نایاسایی
هاتووەتە سنووری عێراق، بەڵام لە نزیک گوندی شێنێ لە سنووری هەڵشۆ، کەوتووەتە ناو رووبارێکی
گوندەکە و خنکاوە.
ئەوەشی خستە روو، ئەو گەنجە لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٧ بووە و دانیشتووی وڵاتی
بەریتانیا بووە.
هاوکات، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین باسی لەوە کردووە، دوای ئاگادارکردنەوەیان
لە رووداوەکە، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیسی فریاکەوتنی قەڵادزێ گەیشتونەتە شوێنی رووداوەکە
و دوای دەرهێنانەوەی تەرمەکە، گواستویانەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی قەڵادزێ.
سابر عەبدوڵا - راپەڕین