سەردێڕ:

١٣ هەزار خاوەن پێداوستی تایبەت داوای هاوتاکردن و گێڕانەوەی مووچەکانیان دەکەن

PM:03:36:22/04/2024

860 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەنجومەنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان رایگەیاند، داوا دەکەن مووچەکانیان لەگەڵ مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی عێراقدا هاوتا بکرێت کە لە ئێستادا جیاوازیەکی زۆر لە مووچەکانیان هەیە.


ئەمڕۆ دووشەممە، دڵشاد قادر سەرۆکی ئەنجومەنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژانامەنووسیدا رایگەیاند، جیاوازییەکی زۆر لە مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی عێراق و هەرێم هەیە کە بووەتە هۆی دروستبوونی نالەباری دۆخی ئابووری بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم.

ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان مافی خۆیان وەربگرن و بژین نەک تەنها مووچەیەکی ١٠٠ هەزار دیناری وەربگرن و لە ئێستاشدا هیچ ئاسانکارییەک بۆ دۆخ و گوزەران و کاتی ئیشکردنیان ناکرێت. وتیشی، "داواکارین مووچەی خاوەن پێداویستییەکان هاوتا بکرێت بە مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی عێراق و هەمان ماف و بواری ژیانیشیان بۆ بڕەخسێنرێت".

ئەوەشی خستە روو، مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە هەرێم لە نێوان ١٠٠ بۆ ١٥٠ هەزار دیناردایە لەکاتێکدا مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە عێراق ٢٥٠ هەزار دینارە لەگەڵ دەرماڵەی ساڵانەدا کە لە هەرێم بوونی نییە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە نۆ ساڵە هیچ بڕە پارەیەکی زیادە نەخراوەتە سەر مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە کاتێکدا، بە گوێرەی یاسای ژمارە ١٣ـی ساڵی ٢٠١٣، دەبوو سەرجەم خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان مووچەکانیان بۆ ٢٥٠ هەزار دینار بەرز بکرایاتەوە.













گەلەری