سەردێڕ:

لێدوانی وەزیری پەروەردە لەبارەی ناردنی ناوی وانەبێژان بۆ بەغدا

PM:12:51:22/04/2024

11628 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری پەروەردەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ناوی سەرجەم وانەبێژانیان بۆ بەغدا ناردووە و چاوەڕوانی وەڵامی بەغدان.


ئەمڕۆ دووشەممە، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لەبارەی وانەبێژانەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ناوی وانەبێژانیان رەوانەی بەغدا کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ناردنی لیستی وانەبێژان بە سیستەم کراوە و هیچ دەستتێوەردانێکی حزبی لە لیستەکەدا نەکراوە.

ئەوەشی خستە روو، هیچ مامۆستایەک ناوی لە لیستەکەدا دەرنەهێنراوە، مەگەر مامۆستایەکی میلاک شوێنەکەی پڕ کردبێتەوە، یاخود وازی هێنابێت یان بە هەر هۆکاریکی تر لە مامۆستایەتی دابڕابێت.

وتیشی، "ئێمە لای خۆمان ناوی سەرجەم وانەبێژانمان ناردووە بۆ بەغدا و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانین".

لە بەرامبەریشدا بەشێک لە مامۆستایانی وانەبێژ پێشتر رایانگەیاندبوو، دەستکاری لیستی ناوی وانەبێژان کراوە و ناوی هەندێک وانەبێژ دەرهێنراوە و لە جێگەی ئەوان چەند کەسێکی دیکە کە نزیکن لە حزبەکانی دەسەڵات، کراوەتە لیستەکەوە.

 سابڕ عەبدوڵا - راپەڕین













گەلەری