سەردێڕ:

سروە عەبدولواحید: لەم هەفتەیەدا یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەغدا مووچە رەوانەی هەرێم دەکات

PM:09:24:21/04/2024

9920 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەغدا مووچە رەوانەی هەرێم دەکات. دەشڵێت، بانکی رەشید و رافیدەین ئەگەر لقیشیان نەبێت لە هەرێم هەر دەتوانن تەوتینی مووچە بکەن.


ئەمڕۆ یەکشەممە، سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا ئاماژەی بەوە کرد، لەعێراق هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەندن بەبڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی و دەبێت هەرێم ئاسانکاری بکات بۆ بانکەکانی رافیدەین و رەشید لە هەرێم لقی خۆیان بکەنەوە.

ئەوەشی خستە روو، بەرێوەبەری بانکی کی کارد رایگەیاندووە لە ماوەی ٢٠ رۆژدا کارتی بانکی بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دەردەکەن و بانکی رەشید و رافیدەین ئەگەر لقیشیان نەبێت لە هەرێم، هەر دەتوانن مووچە بەبانکی بکەن.
باسی لەوەش کرد، لە هیچ شوێنێکی جیهاندا نییە مووچەخۆر و هاوڵاتی ناچار بکرێت لە بانکێکی دیاریکراو هەژماری بانکی بکاتەوە، تاوەکو ئێستاش هەژماری من ناسراو نییە و هیچ لایەنێک مامەڵەی لەگەڵدا ناکات لە کاتێکدا، ٥٠٠ هەزار کەس لە هەرێم لە رێگەی بانکەکانی عێراقەوە مووچە وەردەگرن و کێشەیان نییە.

سروە عەبدولواحید ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەمڕۆ هەستم بەشەرمەزاری کرد هاوکارە عەرەبەکانم باسی خراپی دۆخی ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمیان دەکرد و تێناگەم بۆچی بەرپرسانی هەرێم دەیانەوێت هەموو رۆژێک کێشەیەکی نوێ لەگەڵ بەغدا دروست بکەن؟."

لەبارەی سێ مووچە فەوتاوەکەی ساڵی رابردووشەوە ئەوەی خستە روو، ئەو مووچانە لە رێگەی دادگاوە لەنێوان هەرێم و بەغدادا یەکلایی دەکرێنەوە، وەکو فراکسیۆنی نەوەی نوێ نوسراویان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بۆ ئەوەی سێ مووچەکە بدرێتەوە فەرمانبەران.

راشیگەیاند، نەوەی نوێ بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردندا نییە و لە سەرجەم لایەنەکان دۆخی باشترە و ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن.













گەلەری