PM:08:51:21/04/2024
1244 جار خوێندراوەتەوە
وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ژمارەی کۆتایی بنکە و وێستگەکانی دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەند کردووە و هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، هەڵبژاردنێکی جیاواز دەبێت. هاوکات، فشارە نێودەوڵەتییەکان و پاڵپشتییەکانیش بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە بەردەوامن، جیاواز لە هەوڵی وڵاتانی زلهێز، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش بەردەوامە لە رێکار و دابینکردنی پێداویستی و ئامادەکارییەکان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، لیژنەی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، شەش هەزار و ٢٩٨ وێستگەی دەنگدان و هەزار و ٢٦٦ ناوەندی دەنگدان بەسەر هەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدانی گشتی دابەش کراوە، بۆ دەنگدانی تایبەتیش، ٧٤٦ وێستگەی دەنگدان و ١٦١ ناوەندی دەنگدانیان پەسەند کردووە.
ژمارەی بنکە و ناوەندەکان لە هەرێم
بەمشێوەیەیە، دوو هەزار و ٤٦٤ وێستگەیان لە بنکەی سلێمانی و دوو هەزار ٢٠٣ لە
هەولێر و هەزار و ٥٩٥ لە دهۆک و ١٣٦ وێستگە لە بازنەی هەڵەبجە ئامادەکراوە و کۆی
گشتیی ژمارەی دەنگدەرانیش لە هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و ٨٨٨ هەزار و ١٦٢ کەسە.
ئەم راگەیەنراوەی کۆمسیۆنی
هەڵبژاردنەکانی عێراق هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی پیشتر سەرۆک وەزیرانی عێراق
رایگەیاندبوو، داوایان لە کۆمسیۆن کردووە ئامادەکارییەکان تەواو بکەن و
هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدەن.
لە هەرێمیش یەکێتی و پارتی بەردەوام
دەیانەوێت کێشە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا دروست بکەن لەترسی
لەدەستدانی دەنگ و کورسیەکانی پێشتریان، بەڵام هەموو ئاراستەکان بەرەو ئەوە دەرۆن
کە لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا هاوڵاتیانی هەرێم بەتوندترین شێوە سزای ئەو دوو حزبە
بدەن و فشارە دەرەکی و هەوڵە بەردەوامەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی
عێراقیش لە بەرژەوەندی ئەنجامدانی پرۆسەکەن و چاوەرێ دەکرێت سندوقەکانی دەنگدان
ئەمجارە خەڵک بڕیاری یەکلاکەرەوەی تێدا بدەن.