سەردێڕ:

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی: ٤٠ سانتیمەتر ماوە بۆ پڕبوونی بەنداوی دەربەندیخان

PM:05:18:21/04/2024

1464 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی رایگەیاند، لە سەرەتای وەرزی بارانبارینەوە، تاوەکو ئێستا لە سلێمانی ٦٢٢ ملم باران باریوە و بەراورد بە ساڵی رابردوو بڕی بارانبارین کەم بووە. دەشڵێت، رێژەی ئاوی بەنداوی دوکان زیادی کردووە و بەنداوی دەربەندیخان تەنها ٤٠ سانتیمەتری ماوە بۆ پڕبوون.


ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی رایگەیاند، لە سەرەتای وەرزی بارانبارینەوە تاوەکو ئێستا لە سنووری سلێمانی ٦٢٢ ملم باران باریوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەراورد بە ساڵی رابردوو بڕی بارانبارین لە سلێمانی کەمی کردووە بەوپێیەی ساڵی رابردوو تاوەکو ئەم کاتانە بڕی ٧١٠ ملم باران باریبوو.

ئەوەشی خستە روو، رێژەی ئاوی بەنداوی دوکان بەراورد بە ساڵی رابردوو ئەمساڵ بڕی چوار مەتر زیادی کردووە، هەروەها بەنداوی دەربەندیخان تەنها ٤٠ سانتیمەتری ماوە بۆ پڕبوون.

پێشتر، سامان ئیسماعیل بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی کاریگەری ئەو شەپۆلە باران بارینەی ئەمساڵ هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لەگەڵ پلان و میکانیزمی گونجاوی بەردانەوەی ئاو و چۆنێتی سود وەرگرتن لە هاتنی ڕێژەی ئاو بەنداوەکە نزیکە لەوەی سەرڕێژ ببێت.

بەنداوی دەربەندیخان دەکەوێتە دەربەندیخان و لەسەر رووباری سیروان بۆ مەبەستی گلدانەوەی ئاو و بەدەست هێنانی وزەی کارەبا دروست کراوە و بەرزیەکەی ١٢٨مەترە و پانیەکی لەبنەوە ٥٠٠ مەترە و درێژیەکی بە کەناڵی سەرڕێژەوە ٥٣٥ مەترە و توانای گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە و لە ساڵانی رابردووشدا سەرڕێژبووە.













گەلەری