سەردێڕ:

خوێندنی باڵا: ئەو خوێندکارانەی پێش داشکاندن پارەی پارالێڵیان داوە بۆیان ناگەڕێنرێتەوە

PM:03:20:21/04/2024

1080 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی کاربەڕێکەر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بڕیاری داشکاندنی ٤٠٪ بە دوو قۆناغ تەنها بۆ خوێندنی ئەمساڵە و ئەو خوێندکارانە دەگرێتەوە کە تا ئێستا بەشێکی کرێی خوێندنەکەیان لەلا ماوە. دەشڵێت، "ئەو خوێندکارانەی کرێی خوێندنی پارالێڵیان داوە داشکاندنەکە نایانگرێتەوە و پارەیان بۆ ناگەڕێنرێتەوە".


ئەمڕۆ یەکشەممە، توانا نەجەف بەڕێوەبەری کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی کاربەڕێکەر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پڕۆسەی داشکاندنەکە بە سێ قۆناغ دەبێت، قۆناغی یەکەم داشکاندنی ٤٥٪ دەکرێت بۆ ئەو خوێندکارانەی کە داواکاری بۆ پێدانی کرێی خوێندنی پارالێڵ پێشکەش دەکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، قۆناغی دووەم ٢٠٪ داشکاندن بۆ ئەو پارەیە دەکرێت کە لای خوێندکارانی پارالێڵ ماوە و تا ئێستا پێشکەشیان نەکردووە، واتە ئەگەر خوێندکارێک یەک ملیۆن دیناری لامابێت بەبڕی ٢٠٠ هەزار دینار داشکاندنی بۆ دەکرێت.

باسی لەوەش کرد، قۆناغی سێیەم داشکاندنی ٢٠٪ بۆ ئەو بڕە پارەیەی کە دەمێنێتەوە.

ئەوەشی خستە روو، ئەو دوو داشکاندنەی کۆتایی کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر دراوە تەنها بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣- ٢٠٢٤ـە، ئەو خوێندکارانەش ناگرێتەوە کە پێش داشکاندن پارەیان داوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٢٧ـی ئازاری ئەمساڵ، ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵای حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بڕیاریدا، کرێی خوێندنی پارالێل و ئێوارانی دبلۆم و بەکالۆرێۆس و دبلۆمی باڵا وماستەر و دکتۆرا، ٢٠٪ داشکاندنی بۆ بکات و کۆی داشکاندن بۆ ئەمساڵ بگەیەنێتە ٨٥٪.

پێشتریش، وەزارەتی خوێندنی باڵا لە ٢٠٪ـی کرێی خوێندنی ئەمساڵ خۆش بوو.













گەلەری