سەردێڕ:

سبەی دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی سێ دەکرێت

PM:02:49:21/04/2024

1392 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە سبەینێوە دەست بە دابەشکردنی سێیەم بەشەخۆراکی ئەمساڵ دەکرێت و بەشێکی زۆری ماددەکانی بەشەخۆراکی مانگی چوار و پێنجیش لە کۆگاکاندا هەن.


ئەمڕۆ یەکشەممە، نەوزاد کامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەشی یەکەم و دووەمی بەشەخۆراکی ئەمساڵ دابەشکراوە و لە بەشەخۆراکی سێیەمیش، دەست بە دابەشکردنی ئاردەکەی کراوە و ماددە خۆراکییەکانی دیکەش سبەی دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

باسی لەوەشکرد، سەرەتا لە ناوچە شاخاویی و دوورەدەستەکانەوە دەست بە دابەشکردن دەکرێت و دواتر لە ناو شارەکادا دەستپێدەکەن.

وتیشی، بۆ ئەم مانگە گۆڕانکاریی لە بڕی ماددەکاندا کراوە، بۆ برنج لەبری سێ کیلۆ بۆ هەر کەسێک دوو کیلۆ و نیو نێردراوە، دۆشاویش لەبری ئەوەی ٤٠٠ گرامی وەربگرن ٨٠٠ گرام وەردەگرن بۆ هەر کەسێک، ئەو بڕە دۆشاوی دوو مانگە.

لەبارەی کوالێتی خواردنەکانیشەوە باسی لەوەکرد، بە گشتی کوالێتی ئارد ئەمساڵ لە ساڵانی رابردوو باشترە و ماددەکانی دیکەش لە بەغدا پشکنینیان بۆ دەکرێت و لە هەرێمیش دووبارە پشکنینیان بۆ دەکرێەتەوە، تاوەکو پشکنینەکان تەواو نەبن دەست بە دابەشکردن ناکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە بەردەوامە و زۆرینەی بەشەخۆراکی مانگی ٤ و ٥یش لە کۆگاکاندا هەن.













گەلەری