سەردێڕ:

دەست بە پلەبەرزکردنەوە و زیادکردنی مووچەی ئەم توێژە دەکرێت

PM:02:16:21/04/2024

35244 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی نوسراوێک کە دەست دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی کەوتووە، هێزەکانی زێرەڤانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی کاربەڕێکەر، داوای لەسەرجەم ئەفسەر و پێشمەرگەکانی زێرەڤانی کردووە کە لەماوەیەکی کەمدا مامەڵەی بەستنی بڕوانامەکانیان ئەنجام بدەن. دەشڵیت، "بەستنی بڕوانامەکانیان بەمەبەستی بەرزکردنەوەی پلەی سەربازی و مووچەکانیانە".


ئەمڕۆ یەکشەممە، بە گوێرەی نوسراوێک کە دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، هێزەکانی زێرەڤانی لە نوسراوێکدا ئاگادار کراونەتەوە کە لە ماوەیەکی کەمدا سەرجەم پێشمەرگە و ئەفسەرانی زێرەڤانی بە مەبەستی بەرزکردنەوەی پلەی سەربازیان مامەڵەی بەستنی بڕوانامەکانیان ئەنجام بدەن.

 

ئاماژە بەوەش کراوە، هەر ئەفسەر و پێشمەرگەیەک کە لە رابردوودا مامەڵەی بەستنی بڕوانامەیان بۆ ئەنجام نەدراوە، لەم هەفتەیەدا دەست بە بەستنی مامەڵەکانیان بکەن و کۆپییەکی رەنگاو رەنگ لە بڕوانامەی( ناوەندی، ئامادەیی، بەکالۆریۆس ،ماستەر و دکتۆرا) رەوانەی بەرپرسی هۆبەکانیان بکەن.

باس لەوەش کراوە، لە مانگی ئایارەوە، بە گوێرەی بڕوانامەکانیان هەر ئەفسەر و پێشمەرگەیەک پلەی سەربازی و مووچەکانیان بەرێژەی دیاریکراو بۆ بەرز دەکرێتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، مووچەی مانگی پێنج بە پلەبەرزکردنەوەوە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق ئامادە دەکرێت.

هێرش قادر - هەولێر


 













گەلەری