سەردێڕ:

لە چوارچێوەى رێککەوتنى عێراق و چین؛ لەمساڵدا پڕۆژەی دروستکردنی هەزار قوتابخانە تەواو دەکرێت

PM:11:35:20/04/2024

1208 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی تیمی راگەیاندنی حکومەتى عێراق رایگەیاند، ئەمساڵ هەزار قوتابخانە لە چوارچێوەى رێککەوتنى عێراق و چین لە بەغدا و شارەکانى تر دروست دەکرێن. دەشڵێت، " لە ئێستادا بەشێکیان تەواو کراون".


ئەمڕۆ شەممە، حەیدەر مەجید وتەبێژی تیمى راگەیاندنى حکومەت بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، ژمارەی ئەو قوتابخانانەی کە تا ئێستا تەواوکراون گەیشتووەتە ١٥٠ قوتابخانە لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە، قوتابخانەکانیش، ١٢ پۆلی، ١٨ پۆلی و ٢٤ پۆلین.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بەپێی ئەو پلانەی ئەنجومەنی وەزیران دایڕشتووە، لە کۆتایی ئەم مانگەدا ژمارەى قوتابخانە تەواوکراوەکان دەگاتە ٢٥٠ قوتابخانە.

ئەوەشی خستووەتە روو، لە قۆناغی یەکەمدا هەزار قوتابخانە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ تەواو دەبن. دەشڵێت، "تەواوکردنی قوتابخانەکان لە چوارچێوەی پلانەکانی حکومەتدایە بۆ کۆتاییهێنان بە قوتابخانەی دوو دەوامی".

ئەوەش لە کاتێکدایە، مانگی ئەیلولى ٢٠١٩، حکومەتى عێراق و چین رێککەوتنێکیان واژۆکرد کە بە رێککەوتنى نەوت بەرامبەر ئاوەدانی ناسراوە، بۆ بنیاتنانى ژێرخانى ئابورى عێراق و جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەک، بەرامبەر ناردنى نەوتی رۆژانە بۆ چین.













گەلەری