سەردێڕ:

رۆژی دووشەممە ئێن ئاڕ تی دوو دەست بە پەخشی وەرزی نوێ دەکات

PM:10:00:20/04/2024

1036 جار خوێندراوەتەوە

رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە کەناڵی ئێن ئاڕ تی دوو لە وەرزێکی نوێدا بە دروشمی نوێگەری و پاراستنی بەها کۆمەڵایەتییەکان و بە کۆمەڵێک بەرنامە و دراماى نوێ دەست بە وەرزى نوێى کارکردن دەکات و شەش بەرنامەى هەفتانە و بەرنامەیەکى رۆژانە و سێ دراماى نوێ و چەندین بابەتى جۆراو جۆر پێشکەش دەکات.


کەناڵی ئێن ئاڕ تی دوو، بە دەنگ و رەنگ و پڕۆگرامی نوێوە رۆژی دووشەممە، ٢٢ـی ئەم مانگە دەست بە پەخشی وەرزێکى نوێ دەکاتەوە و لەوەرزی نوێدا شەش بەرنامەى هەفتانەى نوێ و بەرنامەیەکى رۆژانەى دەبێت لەپاڵ سێ دراما و کلیپ و موزیک و بابەتى جۆراوجۆر.

بەرنامەی "پەتریپۆت" یەکێک دەبێت لە بەرنامەکانی ئێن ئاڕ تی دوو بۆ ئەم وەرزە نوێیە ستافەکەی پەتریپۆت زیاتر چاوی لەسەر بابەتە کۆمەڵایەتییەکان دەبێت و بە کۆمیدیا و تەنزەوە پەیامەکانی دەگەیەنێت.

ئێن ئاڕ تی دوو لە وەرزی نوێیدا زیاتر گرنگی بە ئاوەدانی کوردستان و گوند و ناوچە کوێستان و گەرمیانەکانی کوردستان دەدات و ماریا ئاوات هەفتانە لە بەرنامەی "ئاوازی سروشت"ـەوە کلتور و جوانی سروشت و بەها کۆمەڵایەتییە رەسەنەکانی کوردەواری دەخاتەروو.

ئێن ئاڕ تی دوو لە وەزری نوێدا چەند پڕۆگرامێکی دیکەی تایبەت پێشکەش دەکات ئەوانیش:

١.خۆشترین دەنگ

یەکێکە دەبێت لە پڕۆگرامە تایبەتەکانی وەزری نوێی کەناڵەکە، بەرنامەکە پێکدێت لە پێنج قۆناغی سەختی پێشبڕکێ لە نێوان بەشداربوواندا، کە لە کۆتاییدا یەک بەشداربووی تیمی یەکێک لە مامۆستاکان دەبێتە براوەی ناسناوی خۆشترین دەنگ، جێگەی باسە چوار ئەستێرەی دیاری هونەری گۆرانی کوردی وەک لیژنەی دادوەر لەم وەرزەی پرۆگرامی خۆشرین دەنگدا بەشدارن کە ئەوانیش هەریەک لە ( دیاری قەرەداغی، هەڵوێست، فرمێسک و رێبین جەمال)ن.

٢. باڵانس

حەمە شا پڕۆگرامی باڵانستان پێشکەش دەکات، پڕۆگرامێکی تەواو سەرنجراکێشە، بەشداربووانی ناو پڕۆگرامەکە ئەزموونێکی جیاواز تاقی دەکەنەوە، وەڵامی پرسیاری ملێۆنی دەدەنەوە.

٣. لەگەڵ هەودا

وەرزی نوێی پڕۆگرامی لەگەڵ هەودا، پێشکەشکار هەودا ئەحمەد دەبێتەوە میوانی ماڵەکانتان.

٤. رەش و سپی

نبراس جاف لە وەرزی نوێی ئێن ئاڕ تی دوودا پڕۆگرامی رەش و سپیتان پێشکەش دەکات.

٥. با برۆین

لەگەڵ شاجوان هیدایەت بینەری پڕۆگرامە جیاوازەکەی "با بڕۆین" بن، لەگەڵ میوانەکانی چەندین گەشتی سەرنجراکێش بۆ ناوچە جیاوازەکانی کوردستان دەکەن، باس و خواسی تایبەت باس دەکەن.

کەناڵى ئێن ئاڕ تى دوو، لە رۆژی ٢٠ـى شوباتی ساڵی ٢٠١٣ دەستى بە پەخشى بەرنامەکانى کرد و وەک کەناڵێکى هونەرى و کلتوری زۆرترین بەرنامە و پرۆگرامى جیاوازى پێشکەشى هاوڵاتییان کرد بە رەچاوکردنى بەها کۆمەڵایەتییەکان.













گەلەری