سەردێڕ:

وەزیری نەوتی عێراق بۆ ئێن ئاڕ تی: هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێدەکاتەوە

AM:09:46:20/04/2024

6100 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری نەوتی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، داوا لە حکومەتی کاربەڕێکەر کراوە کە کۆپیەک لە گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییەکان بداتە وەزارەتی نەوتی عێراق، تا لەرێیەوە بتوانرێت پەیوەندیەکی راوستەوخۆیان لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی سۆمۆ هەبێت. دەشڵێت، "هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێدەکاتەوە و داوامان کردووە هەرێم ئامادەکاری تەواوەتی بۆ ئەو پرسە بکات".


ئەمڕۆ شەممە، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بەم نزیکانە دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێم دەکرێتەوە و داواش لە حکومەتی کاربەڕێکەر کراوە کە نەوتی هەرێم رادەستی کۆمپانیایی سۆمۆ بکات تا لە رێگای بۆری نەوتی تورکیا – جەیهان رەوانەی بازاڕەکانی جیهان بکرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، پەیوەندییەکی راستەوخۆ لە نێوان کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم و سۆمۆ نییە و بۆ ئەو مەبەستەش داوا لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر کراوە کە کۆپیەکی گرێبەستەکان رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق 'سۆمۆ' بکات. وتیشی، "پەیوەندی نێوان کۆمپانیا نەوتییەکان و کۆمپانیای سۆمۆ بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم گرنگە بۆیە دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە هەنگاوەکانی خێراتر بکات".

کێشەی گرێبەستە نەوتییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا

لەو بارەیەوە عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، حکومەتی عێراق سورە لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و بۆ ئەو مەبەستەش کۆبوونەوەکانیان بەردەوامی هەبووە و لیژنەیەکی تایبەتیش بە وادەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دیاری کراوە. وتیشی، "کێشەی هەرێم و بەغدا تەنها گریبەستی کۆمپانیا نەوتیەکان بووە نەوەک کێشەی تەکنیکی بۆرییە نەوتییەکانی عێراق – تورکیا".

راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم – تورکیا

لە ٢٥ی ئازاری ساڵی رابردوو وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، سکاڵاکەی دادگای پاریسی لەسەر دۆسیەی نایاسایی بوونی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا بردووەتەوە. وتیشی، "بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای پاریس هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا راگیرا و بڕیارە لە دوای رێککەوتنی حکومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر تەواوی پرسەکان هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە".
هێڤیدار شعبان - دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی 














گەلەری