سەردێڕ:

بانکی ناوەندی فرۆشی هەفتانە نزیک دەکاتەوە لە دوو ملیار دۆلار

PM:12:04:19/04/2024

876 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، دوای رێککەوتنەکانی بانکی ناوەندی لەگەڵ بانکی جەی پی مۆرگان لەماوەی پێنج رۆژی ئەم هەفتەیەدا بە تێکڕا زیاتر لە یەک ملیار و ٣٥٤ ملیۆن دۆلار فرۆشراوە، لەکاتێکدا لە هەفتەکانی رابردوودا ئاستی فرۆش زیاتر نەبووە لە ملیارێک و ٧٠ ملیۆن دۆلار.


ئەمڕۆ هەینی، بانکی ناوەندی عێراق لە رێگای سەکۆی تایبەتی خستنەرووی دراوی بیانی رایگەیاند، لە تێکڕای فرۆشی رۆژی ١٤ تا١٨ـی نیسانی ئەم ساڵ لەلایەن بانکەکان و گەشتیارانەوە داواکاری بۆ کڕینەوەی یەک ملیار و ٣٥٤ ملیۆن و ٢٩٦ هەزار و ٨٦٧ دۆلار بە نرخی فەرمی پێشکەشکراوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، فرۆشی دۆلاری فەرمی بە شێوەی حەواڵە لە بەرزترین ئاستی ساڵدا بووە کە بە تیکڕای یەک ملیار و ٢٦٣ ملیۆن و ٧٧١ هەزار و ٨٦٧ دۆلاربووە بە نرخی ١٣٢٠ دینار بۆ هەر دۆلارێکی حەواڵە کە هاوکاردەبێت لە رێگەگرتن لە گەڕانەوەی بازرگانان بۆ بازاڕەکانی ناوخۆ. دەشڵێت، " بەراورد بە مانگەکانی رابردوو کاریگەری بازرگانان لەسەر بازاڕەکانی ناوخۆ کەمتربووەتەوە ". 

هاوکات ئەندامێکی بەشداربووی کۆبوونەوەکەی بانکی ناوەندیی عێراق و جەی پی مۆرگان بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەسەر هەڵگرتنی سزای سەر پێنج بانکی عێراق گەیشتوونەتە رێککەوتن و دەتوانن لەمەودوا مامەڵەی حەواڵەی دەرەکی بۆ بازرگانانی ناوخۆیی و دەرەکی ئەنجام بدەن. دەشڵێت،" ئەو پێنج بانکە بەشێوەیەکی راستەوخۆ دۆلار بۆ مامەڵەداراییەکانی پەیوەست بە دۆلاری حەواڵە ئەنجامدەدەن بەوەش ئاستی فرۆش زیاتردەبێت".

عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، بە مەبەستی چاکسازی و پێداچوونەوە بە سزای سەر بانکە سزادراوەکاندا لیژنەیەکی هاوبەشیان لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پێکهێناوە کە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری ئەرێنی لە سیستمی فرۆشی بانکی ناوەندی و داهاتووی دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی.













گەلەری