سەردێڕ:

شەوی رابردوو چی لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا روویدا؟

AM:08:15:19/04/2024

33056 جار خوێندراوەتەوە

رادیۆی فەرمی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، چەند بنکەیەکی سەربازییان لە ئەسفەهانی ئێران کردووەتە ئامانج . کەناڵی فەرمی ئێرانیش رایگەیاند، هیچکام لە هێرشەکان بنکە ئەتۆمییەکانیان نەکردووەتە ئامانج.


شەوی رابردوو، میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، چەند هێرشێک کراوەتە سەر چەند بنیەکەی سەربازی ئێران لە ئەسفەهان و تەقینەوەیەکیش لە فڕۆکەخانەی ئەو شارە روویداوە.

باسیان لەوەش کرد، ئێران ئاسمانی وڵاتەکەی داخستووە و گەشتی چەند فڕۆکەخانەیەکیشی راگرتووە، دواتریش کەناڵی فەرمی ئێران هەواڵەکانی پشتڕاستکردەوە.

لایخۆشییەوە وتەبێژی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئێران ئەوەی خستە روو، چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان لە ئاسمانی وڵاتەکە خستووەتە خوارەوە.

هاوکات، بەرپرسێکی ئامریکا بە فۆکس نیوزی راگەیاند، ئەمریکا ئاگاداری هێرشەکەی ئیسرائیل بووە بۆسەر ئێران و تەنها چەند بنکەیەکی سەربازی کردووتە ئامانج نەک بنەکەی ئەتۆمی.

دوای هێرشەکان، رادیۆی فەرمی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، چەند بنکەیەکی سەربازییان لە ئەسفەهانی ئێران کردووەتە ئامانج. وتیشی، "ئەو بنکانەی کراونەتە ئامانج لەوێوە هێرشەکانی هەفتەی رابردوو کراونەتە سەر ئیسرائیل".

یەکشەممەی رابردوو، سوپای پاسداران بە دەیان مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و دواتریش لە لوبنانەوە چەند موشەکێکی دیکە ئاڕاستەی ئەو وڵاتە کران و سوپای ئیسرائیل خرایە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

دوای هێرشەکە، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی نایەوێت لەگەڵ ئێران بکەوێتە ململانێ و ئاڵۆزییەوە بەڵام سوورە لەسەر پاراستنی هێزەکانی وڵاتەکەی و پاڵپشتیکردنی لە ئیسرائیل.













گەلەری