سەردێڕ:

فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێم چڕتر بووەتەوە

PM:11:51:18/04/2024

1660 جار خوێندراوەتەوە

کاردانەوە و فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان چڕتر بووەتەوە و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش وادەی بانگەشەی بۆ لایەنە سیاسییەکان دیاری کرد.


ئەگەرچی پارتی و یەکێتی بە چەندین رێگای جیاواز بەردەوامن بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، بەڵام بەردەوامی فشارە ناوخۆی و نێودەوڵەتییەکان هەوڵەکانی ئەو دوو حزبەیان لەبار بردووە.

هاوکات، ئەمریکاش داوا دەکات هەڵبژاردن لە هەرێم لە کاتی خۆی و بە شێوەیەکی شەفاف بەڕێوە بچێت، ئەڵمانیاش نیگەرانە لەو ئاستەنگانە کە بۆ هەڵبژاردنەکە دروست دەکرێت و داواشی لە حزبەکانی دەسەڵات کرد هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەخێرایی ئەنجام بدرێت و پڕۆسەکە دوا نەخەن.

لای خۆشیەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، بە دواخستنی هەڵبژاردن لە هەرێم مەترسیی جدی لەسەر قەوارەی هەرێم دروست دەبێت.

لە نوێترین پێشهاتیشدا سەبارەت بە هەڵبژاردنەکە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ١٠ـی مانگی ئادارەوە دەست پێدەکات و لە ٦ـی مانگی حوزەیران کۆتایی پێ دێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پارتی و یەکێتی لە پێناو بەرژەوەندییە کەسی و مادییەکانی خۆیان ماوەی دوو ساڵە، چوار جار هەڵبژاردنی خولی شەشەمیان دواخستووە. بەڵام ئەمجارە فشارەکان بەو ئاڕاستەیەن، هەڵبژاردنەکە لە وادەی خۆیدا ئەنجام دەدرێت و خەڵکی هەرێمی کوردستان بە توندی سزای جووت حزبی دەسەڵات دەدەن.













گەلەری