سەردێڕ:

وەزارەتی دارایی عێراق: چاوەڕێین هەرێم لیستی مووچەی مانگی چوارمان بۆ بنێرێت

PM:08:05:18/04/2024

17316 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سەرەتاى هەفتەى داهاتوو دەست بە دابەشکردنى مووچەى مانگى چوار دەکەن و چاوەڕوانى لیستى مووچەى هەرێمیش دەکەن تا یەکشەممەی داهاتوو بگاتە دەستیان. دەشڵێت، " بە گەیشتنی لیستی مووچەی مانگی چوار راستەوخۆ پارە بۆ هەرێم دەنێرین".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی عێراق دەکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، چاوەڕوان دەکەن تا یەکشەممەی داهاتوو ٢١ـی نیسان لیستی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێمیان بەدەست بگات. وتیشی ، "بە گەیشتنی لیستی مووچەکە راستەوخۆ پارە بۆ هەرێم دەنێرین".

هاوکات، ئەمڕۆ جاسم محەمەد سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی رایگەیاند، لەسەر بنەمای دەستوور دەستیان کردووە بە بەنیشتیمانیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ١٧ـی نیسان هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تا هەفتەی داهاتوو هەموو ئامادەکارییەک دەکەن بۆ ناردنی لیستی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێم بۆ بەغدا.

پێشتریش، چاوگێک لە حکومەتی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هێزە سیاسیەکانی عێراق لەسەر جێگیرکردن و ناردنی مووچەی هەرێم لەکاتی خۆیدا رێککەوتوون و سودانیش لە ئەمریکاوە جەختی لەوە کردەوە کە کێشەی مووچەی هەرێم چارەسەر کراوە.













گەلەری